دەست بە دابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێت

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لێژنەی باڵای بەبازارکردنی گەنم، جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە سبەی یەکشەممە 30ـی حوزەیرانی 2024، دەست بە دابەشکردنی چەکی جووتیاران دەکرێت.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکی ئەو لێژنەیە، دابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران لە زنجیرە (1) تاوەکو زنجیرە(70)کە لە رێکەوتی 6-7-8ی حوزەیرانی2024 گەنمەکانیان ڕادەستکردووە، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە جووتیارانی قەزای قوشتەپە سەردانی سایلۆی هەولێر بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی شایستەیی دارایی خۆیان.

وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووشەممە (24ـی حوزەیرانی 2024) بڵاوی کردەوە، تا 23ـی حوزەیران 80 هەزار تۆن و 993 کیلۆ و 650 گرام گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە، هاوکات 66  هەزار تۆن و 546 کیلۆ و 940 گرام گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک وەرگیراوە، لەگەڵ ئەوەش 62 هەزار تۆن و 592 کیلۆ و 472 گرام گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر وەگیراوە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی، کۆی گشتیی ئەو بڕە گەنمەی تا ئێستا لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و ئەمبار کراوە، گەیشتووەتە 210 هەزار تۆن و 133 کیلۆ و 62 گرامە