جووتیارانی هەرێمی کوردستان چیتر جۆ ناچێنن

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی هەرزانیی نرخەکەی جووتیارانی کوردستان ساڵ بە ساڵ کەمتر جۆ دەچێنن.

شەممە، 29ـی حوزەیرانی 2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەبەر ئەوەی نرخی جۆ زۆر هەرزانترە لە گەنم و سایلۆکانیش جۆ وەرناگرن، بۆیە زۆربەی جووتیاران  خەریکی گەنم چاندنن.

بە گوتەی ئەو بریکارە، “جووتیار سوودێکی زۆر لە بەرهەمهێنانی جۆ نابینێت، وەک ئەوەی لە گەنم دەیبینێت، ئەویش بەهۆی نرخەکەیەوە، لە ڕابردوودا جووتیاران جۆیان دەچاند لەبەر ئەوەی  زۆربەیان ئاژەڵداربوون و پێویستییان پێی بوو، بەڵام ئێستە زۆربەی جووتیاران ئەو کارەش ناکەن، بۆیە گەنم دەچێنن”

هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 600 هەزار تۆن جۆ هەیە، ساڵی ڕابردووش کەمتر لەو بڕە بەرهەمهاتووە و ئەوەی دیکەش لە دەرەوەی کوردستان هاوردە کراوە.

ھەواڵی زیاتر