کێشەی کەمئاویی هەولێر چارەسەر دەکرێت

پارێزگاری هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاو، کێشەی ئاوی چەندین گەڕەکی شارەکەیان چارە کردووە و ڕۆژانەش تیمەکان سەردانی ئەو گەڕەکانە دەکەن کە بە دەست کێشەکەوە گرفتارن.

ئەرسەلان خەلیل، دانیشتووی گەڕەکی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، ماوەی چوار مانگ بوو، زیاتر لە 100 ماڵی گەڕەکەکە کێشەی ئاویان هەبوو، بەڵام دوای سەردانی تیمەکانی بەڕێوبەرایەتیی ئاو، کێشەکەیان دەستنیشان کردووە و ئێستا گرفتەکە بە تەواوی چارەکراوە.

هاووڵاتییەکە دەڵێت، ماوەی زیاتر لە چوار مانگ بوو گەڕەکەکەیان بێ ئاو بوو و هەفتانە تەنکەری ئاویان دەکڕی، “بەڵام دوای ئەوەی تیمەکانی بەڕێوبەرایەتیی ئاوی هەولێر سەردانی گەڕەکەکەمانی کرد، توانییان کێشەکە چارە بکەن. دەبێی لە وەرزی هاوین هاووڵاتییانیش ڕەچاوی ئەوە بکەن، ئاو بە فیڕۆ نەدەن”.

بەڕێوبەرایەتیی ئاوی هەولێر شەش هێڵی گەرمی پەیوەندی بۆ هاووڵاتییان بەردەست خستووە. لە گەڕەکی هاوکاری هەولێر، ئەندازیاری یەکێک لە تیمەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە، بە دەم داواکاری هاووڵاتییان هاتووە و سەرقاڵی چارەی کێشەی کەمیی ئاوە. لە هەمان کاتیش لە ڕێگەی هێڵی پەیوەندەی، کات دیاری دەکات بۆ گەڕەکەکانی دیکە و  پلانەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

بێستون یاسین، ئەندازیاری لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر دەڵێت، “نزیکەی هەزار و 400 بیرمان هەیە و بەرهەمی هەمووشیان بەندە بە کارەباوە. ژمارەیەکی کەمی بیرەکان کارەبای بەردەوامیان هەیە، ئەگەر کارەباش کەم بوو، بەرهەمی ئاو کەم دەکات و خواستی هاووڵاتیش زیاتر دەبێت. لە هەندێک ناوچە پێویستی بە لێدانی بیری نوێ هەیە و هەندێک ناوچەش پێویستی بە درێژکردنەوەی تۆڕی ئاو هەیە”.

کێشەی کەمیی ئاو زیاتر لە وەرزی هاوین لە هەندێک گەڕەکی هەولێر سەرهەڵ دەدات. بەتایبەتی لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی رێژەی ئاوی ژێرزەوی کە بۆ دابینکردنی هەندێک ناوچە پشتی پێ دەبەسترێت.

ھەواڵی زیاتر