سەرۆكی حكوومەت بڕی زیاتر لە 557 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای هەڵەبجە خەرج كرد

لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پینجشەممە بڕی زیاتر لە 557 ملیۆن دینار رادەستی سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە كرا بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگاكەدا.

وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار رایگەیاند: لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گوژمەی (557،480،000) دینار بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەكەدا خەرج دەكرێت، هەر ئەمڕۆش گوژمەكە لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕادەستی سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە كرا.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەلام بیلال ئەسكەندەر سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە كۆبووە و باسیان لە جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شاری هەڵەبجە كرد، ئەو پرۆژانە لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی دێت كە لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ شاری هەڵەبجە بڕیاری دا ژمارەیەك پرۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێ بكرێن.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجەی ڕاگەیاند كە ئەو گوژمەیە لەسەر فەرمانی سەرۆك وەزیران لەلایەن نووسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە تەرخان كرا بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و گوژمەكەش بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕادەستی سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە كرا.

ساسان عەونی هەروەها سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجەی ڕاسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین كات دەست بكەن بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە و هەروەها جەختی لەسەر جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی دیكەش لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی سەرۆك وەزیران بۆ شاری هەڵەبجە كردەوە

ھەواڵی زیاتر