سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق پێشوازیی لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق پێشوازیی لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکات، دەڵێت، پرۆسەی دیموکراسیی جێگەی  شانازیی گەلەکەمانە و دەستوور بنەمای ئەو گەلەیە.

پێنجشەممە (27ـی حوزەیرانی 2024)، سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا پێشوازیی لە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

وەک لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا هاتووە، پرۆسەی دیموکراسی مایەی شانازییە بۆ گەلەکەمان و دەستووریی فیدراڵییە لەسەر بنەمای خواستی گەل و پابەندبوون بەگواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بنیات نراوە.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمان کۆڵەگەیەکی بنچینەییە لە پرۆسەی دیموکراسی و گەشەپێدانی سیاسیاندا و دەڵێت، ئەو پرۆسەیە تەنها پرۆسەیەکی هەڵبژاردن نیە، بەڵکو دەربڕینێکی ڕاستگۆیانەن بۆ خواستی خەڵک و ئارەزوویان بۆ بەشداریکردنێکی چالاکانە لە دیاریکردنی داهاتووی وڵاتەکەیاندا.

دەڵێت، ستایشمان بۆ هەوڵەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەیە بۆ بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن ، سەرۆکایەتی کۆمار هیوای  خواستووە هەوڵی زیاتر بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی و بێگەردیی و شەفافییەت لە هەڵبژاردن بدەن، داواشی لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کردووە بەشداریی بەرفراوانی ئەو پرۆسەیە بکەن کە گوزارشت لە ئیرادەی ڕاستیی ئەوان دەکات بۆ دیاریکردنی نوێنەرانی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان.