ڕێبەر ئەحمەد: حکوومەتی هەرێم دوو ساڵە ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن دەربڕیوە

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: هەرچەندە لە دوو ساڵی ڕابردوو بەهۆی بیانووی جۆراو جۆر پرۆسەکە دواخرا، بەڵام دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیمان لە دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن کرد و دەستخۆشیی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەین.

گوتیشی: هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە دوو ساڵ لەمەوپێش ئامادەکارییەکانی دەست پێ کردبوو، واتە ئامادەبووین دوو ساڵ لەمەوپێش هەڵبژاردن بکرێت. ئێستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی تێدایە بۆ هاوکاریی و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و سەرخستنی پرۆسەکە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت.

هەروەها لە بارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، ڕێبەر ئەحمەد گوتی: لەم دوو سەردانەی ئەم دوایەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا پوەندییەکانی چووەتە قۆناغێکی دیکە و پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا بەشێک لە کێشەکان چارە ببن، بەتایبەت پرسی مووچە و بودجە، چونکە هەنگاوی باشی بڕیوە، ئەوەی ماوە پرسەکانی پەیوەست بە نەوت و ماددەی 140 هێشتا ماوە چارە بکرێن بەڵام سەرۆکوەزیران لە هەوڵی جیددی دایە بۆ ئەوەی لە داهاتووێکی نزیکدا ئەوانیش چارە بکرێن.

سەبارەت بەدەستوور و چارەکردنی پرسەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی: دەستوور ئەو بەڵگەنامەیە کە تەواوی پێکهاتەکانی عێراق لەسەری کۆکن و ئێمەی کوردیش دڵمان بەم دەستوورە خۆشە، چونکە بەشێکی زۆری ماف و داوا ڕەواکانی هەرێمی کوردستانی تێدا جێگیرکراوە، بە جێبەجێکردنی دەستوور هەموو کێشەکانی عێراق چارە دەکرێن و هەموو پێکهاتە نەتەوە و ئاینییەکان لە چوارچێوەی دەستوور هەست بەبوونی خۆیان دەکەن، هەربۆیە ئێمە جەخت لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکەین پاراستنی عێراق و سەروەرییەکەیەتی.

ڕاشیگەیاند: بەجێبەجێکردنی دەستوور هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش سوودمەند دەبن لەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و بەشداری کارای سیاسیی لەلایەن هەموو پێکهاتەکانەوە، هەربۆیە ئێمە بڕوامان وایە ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت، ئەوە بەشی زۆرینەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ چارە دەبن.