بەپێی ئامارێکی ترسناک لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٠ تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە

چواس خالید – هەولێر

به‌ پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری مادده‌ی هۆشبه‌ری عێراق، له‌ پێنج مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، ده‌ تۆن مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌ و شه‌ش هه‌زار بازرگان و به‌كارهێنه‌ری مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیر كراون.

حوسێن یوسف، ته‌میمی گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ عێراق، بۆ میدیای فه‌رمی عێراق ئاشكرای كردووه‌، له‌ پێنج مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌ تۆن مادده‌ی هۆشبه‌ر دا گرتووه‌، كه‌ تۆنێكیان مادده‌ی هۆشبه‌ره‌ و نۆ تۆنه‌كه‌ی دی مادده‌ی كارتێكه‌ری عه‌قڵین.
ئه‌و گوته‌بێژه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ عێراق هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، شه‌ش هه‌زار بازرگان و به‌كارهێنه‌ری مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیر كراون و له‌و ژماره‌یه‌ سزا بۆ دوو هه‌زار كه‌سیان ده‌رچووه‌.
به‌ پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ عێراق، هه‌ر له‌ ماوه‌ی پێنج مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ دا، بیست تۆڕی نێوده‌وڵه‌تی و دوو سه‌د و چوار تۆڕی ناوخۆیی بازرگانیكردن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه‌.
حوسێن یوسف ته‌میمی ڕایگه‌یاندووه‌، سزای له‌ سێداره‌دان بۆ حه‌فتاو دوو بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رچووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ گوێره‌ی مادده‌ی بیست و حه‌وتی یاسای مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌ ژماره‌ په‌نجای ساڵی ٢٠١٧.
گوته‌بێژه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ عێراق ده‌ڵێ، “بیست و پێنج بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كاندا كوژراو و بریندار بوونه‌”.
ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی پێنج مانگدا تۆماركراون له‌كاتێكدایه‌، هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ عێراق، له‌ ساڵی ٢٠٢٣ دا، زیادتر له‌ نۆزده‌ هه‌زار تۆمه‌تباری مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون و هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا، ده‌ست به‌سه‌ر چوار تۆن مادده‌ی هۆشبه‌ر و پازده‌ تۆن مادده‌ی كارتێكه‌ری عه‌قڵیدا گیراوه‌.
له‌ مادده‌ی هۆشبه‌رییه‌كاندا، عێراق وه‌ك تڕانزێت و به‌كار ده‌هێندرێت و كراوه‌ته‌ مۆڵگه‌یه‌ك بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ماددده‌ هۆشبه‌ره‌كان، كه‌ ئه‌وه‌ داهاتووی ته‌واوی دانیشتوانی عێراق ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و دواتر یێخه‌یان ده‌گرێت، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌شدا حكوومه‌تی عێراق، نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست پێشی پێ بگرێت.
ئەگەرچی هەرێمی کوردستانیش لەو مەترسییە بەدەر نییە، بەڵام بەراورد بە خوار و ناوەڕاستی عێراق، تا ڕادەیەکی بەرچاو مەترسییەکە کەمترە ئەویش بەهۆی چاو نەپۆشینی هێزە ئەمنییەکان لە هیچ حاڵەتێکی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ماددانە دەرکراوە، سەرباری ئەوانەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوپەڕی هەولێ خۆی خستووەتە گەڕ بۆ بە گزداچوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.