٣٥%ی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمیکوردستان لە سۆرانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ڕۆژانی جەژنی قوربان ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران جمەیان دەھات لە گەشتیاران. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆرانیش، دەڵێت، لە ڕۆژانی جەژنی قوربان سەد و سی ھەزار گەشتیار سەردانی سنوورەکەیان کردووە، کە زیاتر لە بیست ھەزار گەشتیار بیانی بوون.

ئیدارەی سۆران ٣٠%ی ناوچە گەشتیارییەکانی عێراق و کوردستان پێکدێنێت، ھەروەھا ٨٠%ی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەموو پارێزگای ھەولێر پێکدێنێت، لە قەزاکانی سنووری سۆران، چەندین ھۆتیل و مۆتێل، ھەروەھا چەندین خانووی گەشتیاری و کۆمەڵگەی گەشتیاری ھەن، بە ھەزاران گەشتیار دەتوانن لە ھۆتیل و مۆتێلەکانی دەڤەری سۆران بمێنەوە.
ژمارەیەکی زۆری گەشتیار و سەردانیکەر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ھەتا لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان سەدان کیلۆمەتریان بڕیوە تا گەیشتوونەتە کەشێکی فێنک و ئاوی سازگاری ئەم شوێنە گەشتیارییانە.
ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران دیمەنێکی دڵڕفێنیان ھەیە و ئاو و ھەوایەکەی فێنکە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ناوچەکانی دیکە زۆر گەرمە ئەوەش وای کردووە کە ڕۆژبەرۆژ گەشتیارێکی زۆر ڕوو لەو ناوچە گەشتیاریانە بکەن.
عیماد مەنسور، دەڵێ: لە پارێزگای بەسرا ھاتوومەتە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران ھەموو ساڵێک بۆ گەشتکردن دێینە سنوورەکە خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەوبانەوە بگرە تا پاک و خاوێنی ناوچە گەشتیارییەکان زۆر باشن، لە ھەمان کاتدا خەڵکی ھەرێمی کوردستان زۆرباشن و ڕێزێکی زۆرمان لێ دەگرن.
بەرزی پلەکانی گەرما و ڕۆژانی پشوو ئاماری ھاتنی گەشتیارانی زیاتر کردبوو لە ھەندێک کاتدا ڕێگەوبانەکان پەکیان کەوتبوون و ناوچە گەشتیارییەکان پڕببوون لە گەشتیاران. عەلاوی موھەنەد، گەشتیارێکی دیکەیە، گوتی: پێمان باشە ناوچە گەشتیارییەکان زیاتر بکرێن، چونکە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی گەشتیاران زیاتر دەبێت، ھەروەھا داواکارین گەشتیاران پابەندی ڕێنمایەکان بن و پاکوخاوێنی شوێنە گەشتیارییەکان بپارێزن.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆرترین ناوچەی گەشتیاری ھەن، گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ڕووی تێدەکەن، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەردەوام خزمەتگوزاری لەبواری ڕێگەوبان و بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی ھاتووچۆ و ژینگە و بەرگری شارستانی بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەکەن.
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ھاتنی گەشتیارانی بۆ سنوورەکە لە جەژنی قورباندا خستەڕوو و ڕایگەیاند: لە ڕۆژانی پشووی جەژندا، نزیکەی سەد و سی ھەزار گەشتیار سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە.
بە گوتەی فەیسەل سادق، زیاتر لە پەنجا ھەزار گەشتیار بە شەو لە بنکە گەشتیارییەکان بەتایبەتی بنکە گەشتیارییەکانی ناوچەی باڵەکایەتی ماونەتەوە.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران لەبارەی ژمارەی ھاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ سنووری ئیدارەکە، گوتیشی: زیاتر لە بیست ھەزار گەشتیار کەسانی بیانی بوون کە لە دەروازە سنوورییەکانەوە جگە لە فڕۆکەخانەکان، ھاتوونەتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

ھەواڵی زیاتر