پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.محسن شەریف ساڵح:پلان و بەرنامەی تایبەتمان دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی كۆلێژەكەمان

دیمانە: هێمن خەلیل – هه‌ولێر

كۆلێژی تەكنیكی كارگێڕی هەولێر سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێرە، لە چەندین بەشی زانستی پێكهاتووە، بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون دیدارێكمان لەگەڵ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. محسن شریف صالح ڕاگری كۆلێژی تەكنیكی كارگێری هەولیر كرد .

لە دەستپێكدا ڕاگری كۆلێژ گووتی:”لە سەرەتادا بە پێویستی دەزانم سوپاستان بكەم بۆ گرنگیدان بە ڕەوشی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەت لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر. كۆلێژی تەكنیكی هەولێر یەكێكە لە كۆلێژە دیارەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لە بەیانیان و ئێواران قوتابی وەردەگرێت. ئەم كۆلێژە لە خوێندنی بەیانیان چوار بەشی تەكنیكی كارگێری، ژمێریاری،میدیا و بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمان و لە ئێوارانیش سێ بەشی تەكنیكی كارگێری، میدیا و بازارگەری نێودەوڵەتی و زمان، لە خۆ دەگرێت. ژمارەی قوتابییانی لە خوێندنی بەكالۆریۆس (بەیانیان و ئێواران)، نزیكەی 1400 ( هەزار و چوار سەد ) قوتابین و بۆ خوێندنی باڵا لە هەر سێ ئاستی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دكتۆرا لە ساڵی خوێندنی (2023- 2024)، 144 (سەد و چل و چوار) قوتابی دەستیان بە خوێندن كردوە و بەردەوامن لە خوێندنیان. “
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. محسن دەربارەی پلان و بەرنامەكانی بۆ زیاتر بەرەو پێشەوەچوونی كۆلێژ دەڵێ:”لە چوارچێوەی ئەرك و دەسەلاتەكانی ڕاگر و ئەنجوومەنی كۆلێژ لە ژێر رۆشنایی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان ژمارە (10)ی ساڵی 2008، پلان و بەرنامەی تایبەتمان دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی كۆلێژەكەمان. ئامانجی سەرەكیمان بریتی یە لەوەی كە ئەم كۆلیژە ببێتە نموونەیەكی سەركەوتوو و كاریگەر لە ناو كۆلیژەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و زانكۆكانیتری هەرێمی كوردستان لە رێی نوێكاری بەردەوام لە بوارەكانی وانەوتنەوە و فێركردن، توێژینەوەی زانستی، داهێنان و كار خۆلقێنی. بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەكەمان، كار دەكرێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن و توێژینەوەی زانستی لە كۆلێژ، ئەنجامدانی كۆنفرانس و ۆركشۆپ لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی و دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەلأ كۆمەڵگا، دامەزراوە حكوومییەكان و رێكخراوە ناحكوومییەكان بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی كاری یەكتر. هەروەها هەوڵ دەدەرێت بۆ بەدەستخستنی پاڵپشتی دارایی لە رێكخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ پەرەپێدانی كۆلێژ. سەرەرای ئەمانە كار دەكرێت بۆ كردنەوەی بەشی نوێ كە لەگەلأ بازاری كار بگۆنجێت و كارئاسانی و ڕەخساندنی دەرفەت دەكرێت بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی كۆلێژ لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.”
لە پرسیارێكی تر لە ڕاگری كۆلێژمان پرسی بەشەكانی كۆلێژی تەكنیكی كارگێڕی پەیوەستە بە بازاڕی كارەوە ؟ لە وەڵامدا گووتی:”ئەم پڕسیارە زۆر گرنگە. لە ئێستادا هەر كۆلێژێك بیر لە كردنەوەی بەشی نوێ بكات لە پرۆپۆزەلی كردنەوەی بەش كە لە رێی زانكۆكەیان پێشكەشی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكرێت، دەبێت شیكردنەوەی تەواو بۆ بابەتی پەیوەندی بەشەكە بە بازاری كارەوە بكرێت و بسەلمێنرێت كە ڕێژەیەكی زۆری دەرچووانی بە ئاسانی كاریان دەست دەكەوێت. سەبارەت بە بەشەكانی كۆلێژەكەمان لەبەر سروشتیان، تەواو پەیوەستن بە بازاری كارەوە، بۆیە دەرچووانی هەر چوار بەشی كۆلێژەكەمان دەتوان لە بازاری كاردا جێگای خۆیان بدۆزنەوە. زۆربەی كۆمپانیاكان و رێكخراوەكان و دامەزراوە حكومیەكان پێویستیان بە پسپۆرانی كارگێری و ژمێریاری و بازارگەری هەیە. هەروەها لە ئێستادا ژمارەیەكی بەرچاوی دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان هەن كە ئەمەش دەرفەتی دۆزینەوەی كار بۆ دەرچووانی بەشی میدیای كۆلێژەكەمان ئاسان دەكات.”
سەبارەت بە ئاستەنگ و گرفتەكانیش پڕۆفیسۆری یاریدەدەر ئاماژەی دا:” لە گرنگترین ئەو ئاستەنگانەی كە دێتە بەردەممان، دەكرێت ئاماژە بە كەمی هۆلەكانی خوێندن و نەبوونی هۆلی كۆنفرانس و كتێبخانە بدرێت لە كۆلێژەكەمان. هەروەها كەمی ژووری مامۆستایان و ستافی كارگێری زۆر جار كێشەمان بۆ دروست دەكات، بەڵام هیچ كات ئەم كەم وكورتییانە و ئاستەنگانە ناكەینە بیانو و پاساو بۆ كاركردن، بەڵكوو هەموو توانامان بەكار دێنین كە بە باشترین شێوە سوود وەربگیرێت لەوەی كە لەبەردەستمانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكەمان و خزمەتی قوتابییان.”
تایبەت بە خزمەتكردنی قوتابییانی بەشەناوخۆیی پڕۆفیسۆر د. محسن دەڵێ:”بابەتی بەشەناوخۆییەكان هەردەم جێگای گرنگیدان بووە لای سەرۆكایەتی زانكۆ و ئێمە، بە شێوەیەك كە بە بەردەوامی كاری بۆ دەكرێت لە پێناو ڕەخساندنی شوێنێكی گۆنجاو و لەبار بۆ قوتابییانی زانكۆكەمان. لە ئێستادا بەشە ناوخۆییەكانی كچان بە شێوەی ناوەندی لە لایەن سەرۆكایەتی زانكۆ/ بەرێوەبەرایەتی بەشەناوخۆییەكان بەرێوەدەبردرێت، كەچی بەشەناوخۆی كۆران لە لایەن خۆدی كۆلێژەوە . بەشەناوخۆی قوتابییان هەردەم لای ئێمە جێی بایەخە و تەواو گرنگی پێ دەدەرێت، بە شێوەیەك كە هەوڵدەدرێت ماوە بە ماوە سەردانیان بكرێت بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگادار بوون لە كەم و كورتی و گرفتەكانی قوتابیان و چارەسەر كردنیان. بۆ ساڵانی داهاتووش كار دەكرێت كە بەشەناوخۆییەكانمان هەموو پێوەرەكانی تەندروستی و سەلامەتی سەردەمیانەی تێدابیت بەمەبەستی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگۆزاری بە قوتابییانی خۆشەویست.”

ھەواڵی زیاتر