ڕائیب جادر – هەولێر
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت، ئەجێندایەکی سیاسی لە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ داخستن و نەھێشتنی کەمپی ئاوارەکان ھەیە، چونکە ھەموو لایەک دەزانن کە ئاسایش و ئارامی لە زێدی ئاوارەکاندا نییە. دەشڵێ: ئاستەنگێکی دیکە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکی شنگال ھەبوونی ژمارەیەکی زۆر گرووپی چەکداری نایاساییە، کە بوونەتە مەترسی لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان، بەتایبەتی پەکەکە کە بووەتە بەھانەیەک بۆ ئەوەی تورکیا ھێرش بکاتە سەر چەندین ناوچەی سنووریی.
ئاوارەکانی کوردستان
نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان ماون، کە حەوت سەد ھەزاریان ئاوارەی عێراقن، ھەتاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق ھیچ ھەنگاوێکی جیددی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان نەناوە، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھاوکارییەکی پێشکەشی ئاوارە و پەنابەرەکان کردووە، ھەروەھا ھەموو ھەوڵێکیشی داوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان تا گۆڕانی دیمۆگرافی لە ناوچەکانیان دروست نەبێت. حکوومەتی عێراق دەیەوێت لە ٣٠ـی تەمووزی ئەمساڵ کەمپەکان دابخات، بێ ئەوەی ڕێگەی خۆش کردبێت بەتایبەت بۆ خەڵکی شنگال، بێ ئەوەی پرسیار لە خۆیان بکەن ئەو خەڵکە چۆن بگەڕێتەوە شنگال کە تا ئێستا خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی، ئاسایش نییە، گرووپی جۆراوجۆر لە شنگال ھەن وەک پەکەکە و حەشدی شەعبی.
- حکوومەتی عێراق دەیەوێت بە زۆر ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە، ئەو بڕیارە چۆن دەبینی؟
- ئێزدییەکان کۆمەڵکوژکراون، کچ و ژنەکانیان ڕفێندراون، دوای دە ساڵ لەو ھەموو زەحمەتییەی کە لە کەمپەکان بەسەریان برد، بەزۆر دەیانگەڕێننەوە شنگال و کەمپەکان دادەخەن، لە کاتێکدا ھیچ ئیش و کارێک لە شنگال نییە، خانوویان نییە، ڕێگاوبان و نەخۆشخانە و قوتابخانە و ھیچ بنەمایەکی ژیان کردن لەوێ نییە، بەتایبەتیش لە باشووری شنگال، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دوژمنایەتی و کاری نامرۆڤایەتی بەرامبەر ئاوارەکان دەکات، بەپێی پیلانێکی سیاسی بەرنامەکانی خۆی لەسەر ئاوارەکان جێبەجێ دەکات، ھەروەھا دەیەوێت گەندەڵی و لاوازی خۆی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بشارێتەوە، ٣٠ی مانگی داھاتوو کە کۆتا وادەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی ھیچ یاسایەک نییە ڕێگری بکات لە مانەوەی ئاوارەکان.
- هەوڵەکانی ئێوە لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی بەزۆری ئاوارەکان چی بووە؟
- وەکو پەرلەمانتار نامەیەکم بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە، بۆ ئەوەی دیار بکات کە لەگەڵ ئەو بڕیارەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانە، ئەگەر لەگەڵ بڕیارەکەیە بە ئاشکرا بڵێ، ئەگەرنا دەمانەوێت، بڵێ نابێت ئاوارەکان بە زۆر بگەڕێندرێنەوە پێویستە بارودۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە کە ئێستا گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان حوکمی شنگال دەکەن، ڕەوشی ئاوارەکان باش نییە خەڵک قەرەبوو نەکراوەتەوە، ھەتا داوامان لە ھادی عامری کردووە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی بارودۆخی شنگال و ناوچەکانی دیکە ئاسایی بکرێتەوە، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نابین ئەو پلانە بەسەر میللەتی ئێمەدا جێبەجێ بکرێت.
- کەواتە چارەسەر چییە؟
- داوا دەکەین بارودۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە، دواتر ئاوارەکان بەڕێزەوە بگەڕێندرێنەوە و مافی ئەوان دابین بکرێت و لە ھەمان کاتدا قەرەبوو بکرێنەوە و ئەوەی پێویستە بۆیان بکرێت، بەوەش ئاوارەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
- گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان ڕێگرن لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال پێویستە چ بکرێت؟
- دەبێت ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کرا گرووپە لە یاسا دەرچووەکان لە شنگال نامێنن بەوەش ئاوارەکان دەگەڕێنەوە و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە دەکرێت.
- ئەگەڕ ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کرا بارودۆخی شارەکە ئاسایی دەبێتەوە؟
- بەڵێ، نەخشە دروستەکە ئەوەیە، ڕێککەوتنی شنگال نەخشەی ڕێگەی گەڕانەوەی خەڵکی ئێمەیە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەنەوە.
- ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی چۆن دەبینن؟
- ئەگەر ڕۆل و پشتگیری سەرۆک بارزانی نەبووایە بەردەوام بازرگانی بە خەڵکی شنگالەوە دەکرا و شتێک نەدەما بەناوی شنگال، بەڵام سەرۆک بارزانی لە ھەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکان باس لە مافی خەڵکی شنگال دەکات و داوای کردووە بارودۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو خەڵکەی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە ئاوارە بوونە بگەڕێنەوە، ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا ھەر بە پشتگیری سەرۆک بارزانی کرا، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت شتێک نامێنێت بەناوی کێشەی شنگال.
- تا چەند گرنگە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، ئێوە وەکو پەرلەمانتار لەو بارەیەوە چیتان کردووە؟
- ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستوورییە و مافی خەڵکە کە ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش چارەنووسی خۆیان بزانن، کە بەردەوام داوا دەکەن بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوەی پشتگیری لە مافی ئەوان دەکات و ناوچەکانی ئەوان دەپارێزێت تەنیا ھێزی پێشمەرگە و کوردستانن، ئێستا کار لەسەر ماددەکە دەکەین، چونکە جێبەجێ کردنی ئەو ماددەیە بۆ ھەموو عێراق گرنگە.
- کەواتە کێ ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی ماددەکە؟
- حکوومەتی عێراق ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، کە دەبووایە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە ئەو ماددەیە جێبەجێ کرابایە، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق بەردەوام بیانو دێنێتەوە و نایەوێت ماددەکە جێبەجێ بکرێت.