بەگوژمەی زیاتر لە سەد و بیست ملیۆن دینار چەند پڕۆژەیەک لە بلێ جێبەجێ دەکرێت

گەرمیان گلی ـ هەولێر

بەگوژمەی زیاتر لە سەد و بیست ملیۆن دینار چەند پڕۆژەیەک لە بلێ جێبەجێ دەکرێت و سەرۆكی شارەوانی بلێ، دەڵێت: چەند پڕۆژەیەك لە سنوورەكە لە قۆناغی جێبەجێ كردندان، دەرخستەمان بۆ چەند پڕۆژەیەكی دیكەش ئامادە كردووە و لە داهاتوودا جێبەجێ دەكرێن.

نادر محەممەد، سەرۆكی شارەوانی بلێ، ڕایگەیاند: بەهۆی پڕۆژەی ئاوی ٥١ گوندی بارزان، پێشتر وەك پێویست نەمان توانیوە پڕۆژەكان جێبەجێ بكەین، ئەگەرنا دەرخستەمان بۆ چەندین پڕۆژە كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەگۆژمەی سەد و بیست ملیۆن چەندین كۆڵان و شەقام قیڕتاو دەكرێن و ئێستا كاریان لەسەر دەكەین.
سەرۆكی شارەوانی بلێ، وتیشی: ئەو رێگاوبانانەی كە ئێستا كاریان لەسەر دەكەین پێشتر ئەوەندە وێران بوون خەڵك بە زۆر دەگەیشتەوە ماڵەوە، پێش ئەم قۆناغەش كاری زۆرمان لەسەر جۆگە و ئاوەڕۆكان كردووە كە ماوەیەك بەر لە ئێستا بە گوژمەی شەش ملیۆن دینار جۆگەیەكمان دروست كرد كە پێشتر هەموو ئاوەكە دەهاتە سەر شەقامەكان، هەروەها بۆ ساڵانی داهاتووش دەرخستەمان ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە پڕۆژەكان بدەین و زیاتر خزمەتی هاووڵاتییانمان بكەین.
جێگای ئاماژەیە پێشتریش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ستراتیجیدا، ئاوی خواردنەوە بۆ ٦٠ گوندی سنووری قەزاکە ڕاکێشراوە. ئەو گوندانەی لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئاویان بۆ ڕاکێشراوە، زۆربەیان دەکەونە سنووری ناحیەی بلێ و بارزان و ئاوەکە لە ڕووباری باڵنداوە ڕاکێشراوە. یەکێک لە هۆکارەکان کە وایکردووە ئەو گوندانە پێویستیان بە ڕاکێشانی لوولەی ئاو بێت، کاریگەرییەکانی وشکەساڵییە و پێشتر ئەو گوندانە، پشتیان بە ئاوی بیر و کانیاوەکان دەبەست کە ئێستا زۆربەیان وشکیان کردووە، بۆیە بە تانکەر ئاویان بۆ دابینکرا.

ھەواڵی زیاتر