پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی پارێزگای هەڵەبجە لە ١٠ی حوزەیران دەستی پێ کردووە و زیاتر لە ٢٠ هەزار و ٤٥٠ تۆن گەنم لە جوتیاران وەردەگرێت.
بەشێک لە جوتیارانی ناوچەکە، دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی جوتیاران و پاراستنی بەرهەمەکانیان، باس لەوە دەکەن سایلۆکە بە نرخێکی گونجاو گەنمەکانیان لێ وەردەگرێت.
ئاسۆ مەجید، لێپرسراوی بنکەی وەرگرتنی گەنم لە هەڵەبجە لەم بارەیەوە دەڵێت: “تەواوبوونی سایلۆی هەڵەبجە، خزمەتێکی گەورە بە جوتیارانی ناوچەکە دەگەیەنێت، سایلۆکە لە ئاییندەدا توانای بەکۆگاکردنی ٤٠ هەزار تۆن گەنمی دەبێت”.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی هەڵەبجە، زیاتر لە ٨٣ هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە، بەوەش بەرهەمی گەنم دەگاتە ٤٠ هەزار تۆن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام لە خزمەتی جوتیاراندایە، سەرەڕای قەیرانە داراییەکان، چەندین پرۆژەی بۆ خزمەتکردنی جوتیاران جێبەجێ کردووە، ئەمەش لەپێناو بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان و پاراستنی ئاسایشی خۆراک.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری