به‌ گوژمه‌ى زیاتر لە (3 ملیار و 500 ملیۆن دینار) بەردی بناغەی پڕۆژەی چاککردنەوە و قیڕتاوکردنى ڕێگای (مامەجەلکە – فریز – هیران) دانرا

لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستى ئاوەدانی لە سنوورى پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.6.26، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا بە گوژمەى (3 ملیار و 500 ملیۆن و 895 هەزار دینار) بەردی بناغەی پڕۆژەی چاککردنەوە و قیڕتاوکردنى ڕێگای (مامەجەلکە – فریز – هیران) دانرا، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاککردنەوەی ڕێگا و بانی هەولێر جێبەجێدەکرێت.

لەڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لقی24ی سەفینی پارتی و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و هونەر نوری، بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبانی هەولێر و کاروان کەریم خان، قایمقامی قەزایی شەقڵاوە و شێروان جەلال، قائیمقامی هەریر و عیماد محمدئەمین، بەڕێوەبەری پاراستن و چاککردنی ڕێگاوبانی هەولێر و بەڕێوەبەرانی ناحییەکانی هیران و باسرمە و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی دیکەی حزبی و حکومی ناوچەکە ئامادەى بوون، لە بارەى دەستپێکردنى پڕۆژەکە، پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بەوەدا، ئەم پڕۆژەیە جگە لەوەى پڕۆژەیەکى گرنگە بۆ ناوچەکە و هاتووچۆى هاوڵاتییان، لە هەمانکاتدا ڕێگایەکى ستراتیژى و گەشتیارییە و بە جێبەجێکردنى کارئاسانى و خزمەتى زۆر پێشکەش بە دەڤەرەکە و هەولێرى پایتەخت دەکات، جەختى لەوەشکردەوە دانیشتوانى سنوورى قەزایی شەقڵاوە بە سەرجەم گوند و ناحییەکانى شایستەى ئەوەن زیاتر خزمەتیان بکرێت، هیواشى خواست بە گوێرەى ئەو پلان و بەرنامەیەى کە دارێژراوە پڕۆژەکە لە ماوەى دیاریکراوى خۆیدا بەکۆتا بێت.

جێگەى باسە، پڕۆژەی چاککردنەوەی ڕێگای (مامەجەلکە – فریز – هیران) کە درێژییەکەى 25کم، بریتیە لە لادانی چینی قیڕی تێکچووی ڕێگاکە و پاشان ڕشاندن و پەستانەوەی و ئامادەکردنی چینی Sub-Grade و دروست کردنی فلتەر بۆ ئەو شوێنانەی کە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لێی بەرزە و بوویتە هۆکاری تێکچوونی ڕێگاکە، هەروەها ڕاخستنی چینێک لە تێکەڵەی جۆری A بە ئەستووری 20سم و ڕاخستنی چینێک لە بەردی شکاو بە ئەستووری 20 سم و قیڕتاوکردنەوەی ڕێگاکە بە چینێک لە قیڕی جۆری ستابلایزەر بە ئەستووری 10سم و ڕێکخستنەوەی تەنیشتەشانەکانی ڕێگاکە.