تۆماس سەیلەر باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ڕایگەیاند، پێشوازیی لە ڕاگەیاندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان.
سەیلەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی نووسیوە و دەڵێ” پێشوازی لە دیاریکردنی 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەم”.
ئاماژەشی داوە، لە نزیکەوە لەگەڵ هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق، هەموو لایەنە چالاکەکانی سیاسی کوردستان و نەتەوەیەکگرتووەکان کار دەکەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
هەر لە پەیامەکەیدا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا نووسیویەتی: سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە شەرعییەتێکی دیموکراسیانە بۆ بڕیارە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی وادەی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکردووە کە پرۆسەکە لە 20-10-2024 بەڕێوە دەچێت.
هەر دوای کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی حکوومەتدا هاتووە “ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ پێشوازی لە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە”.