پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ست بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان ده‌كات

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بۆ ڕای گشتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

مه‌حموود محه‌ممه‌د گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌،جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان، لە ساڵى 2022 پارتیمان زۆر هەوڵى دا کە پێش تەواوبوونى وادەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان ڕێکارەکانى پێویست بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەست پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر ئاستەنگ دروستکران، کە ئەو ئاستەنگانە بە زیانى پرۆسەى سیاسى و یاسایى بۆ هەرێمى کوردستان شکانەوە و رەنگدانەوەى خراپیان بەرامبەر دەسەڵات و مافەکانى هەرێمى کوردستان بەدواى خۆدا هێنا. لە دواى ئەوەش هەوڵماندا ئەو پێشنیارانەى هەبوون، بۆ پەرلەمانى هەڵبژێردراو جێبێڵین بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکى یاسایى کە ئەمەش ڕێگرى لێکرا.

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویشكردووه‌ته‌وه‌، بۆیە لە 18ی3ی2024 پارتیمان هەڵوێستى خۆى بۆ جەماوەرى تێکۆشەرى کوردستان ڕاگەیاند لەگەڵ دیاریکردن و ئاماژەدان بەو کەموکوڕى و نا دادپەروەریانەى کە هەبوون چ لە مافى پێکهاتەکان هەتا کێشەى پەنجەمۆر و هەوڵى بێبەشکردنى سەدان هەزار کەس لە دەنگدان. 

مه‌حموود محه‌ممه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ئەمانە و چەندین بابەتى دیکەى پەیوەندار بە رێکارەکانى پرۆسەى هەڵبژاردنەوە، کە دواى ئەم هەڵوێستەى پارتیمان بەشێک لەو تێبینى و کەموکوڕیانە چارەسەرکران و بەشێکیشیان لە چارەسەرکردن دان، هەرچەندە هەموو چارەسەریەکان لەسەدا سەد نەبوون بەڵام بەشێک لە مافەکان بۆ پێکهاتەکانى کوردستان گەڕایەوە و، بابەتەکانى دیکەش بەشێکی باشیان چارەسەرکراون، بۆیە دواى ڕاگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان. هیوادارین هەڵبژاردنێکى دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دابێت.
 

ھەواڵی زیاتر