وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024ـی وەکوو وادەی نوێی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.  

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 کە تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیارماندا بە:

1. دیاریکردنی ڕۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق.

2. گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.

3. ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێ بەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، وادەیە نوێیەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوای هەڵسەنگاندنێکی تەواوی پێداویستییەکانی هەڵبژاردن، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و گوێ گرتن لە بیروبۆچوونەکان دیاری کراوە.

هەر چەندە پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10-06-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردبوو، بەڵام بەهۆی بەشداریی نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان، بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و “دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە”؛ هەڵبژاردنەکە لەو کاتەدا نەکرا.

ھەواڵی زیاتر