لەقەڵادزێ هەڵكۆڵینی شاخەكانی دەڤەری پشدەر ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

یەكەم كۆبوونەوەی ناڕەزایی دژ بە تێكدانی چیای كەلەگا لە زنجیرە چیای “مامەندە”ی دەڤەری پشدەر، لە “باخچەی شار”ی قەڵادزێ بەڕێوەچوو”.

بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لەدژی تێكدان و دە رهێنانی بەرد لە چیای “كەلەگا”ی زنجیرە چیای مامەندە و چۆنییەتی پلان و دانانی بەرنامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دەستدرێژییانە بۆسەر ئیكۆسیستمی كوێستانەكان، ژمارەیەك لە شاخەوانانی شاری قەڵادزێ، بە نوێنەرایەتی هەرسێ گرووپە شاخەوانییەكانی ناوشار( قەندیل، قەڵادزێ، كوڕیس) و هەروەها بە نوێنەرایەتی ژینگەپارێزانی دەڤەرەكە، یەكەم كۆبوونەوەیان ئەنجامدا
لەم بارەیەوە موحەمەد چاوشین كە شاخەوانێكی ناسراوی كوردە لە لێدوانێكی بۆ هەولێر گووتی : لەو كۆبوونەوەیەدا كە لەژێر درووشمی{پاراستنی ئیكۆسیستمی كوێستانەكان ئەركی هەمووانە} بەڕێوەچوو، تیایدا بەشێوەیەكی ورد و بابەتيیانە دەرەنجام دەرهاویشتەی ئەو دەستدرێژییانە بۆسەر ژینگە، سرووشت و ئیكۆسیستمی كوێستانەكان تاوتوێ كران و جەختیش لەسەر وەستاندنی ئەو پەلامار و دەستدرێژییانە كرایەوە.
ئەو شاخەوانە گووتیشی : كۆبوونەوەكە بە گرنگییەوە جەختی لەسەر هەڵوێستی هاونیشتمانیان بەشێوەی گشتی و گرووپە شاخەوانییەكان و ژینگەپارێزان بەتایبەتی كردەوە كە لەهەمبەر تێكدانی ئیكۆسیستمی كوێستانەكان بێدەنگ نەبن و هەموو شێوازێكی گونجاو و پێویست، هەروەها خەباتێكی نەپساوەی مەدەنیانە دژ بە پەلاماردان و تێكدانی سرووشتی ناوچە كوێستانییەكان بگرنەبەر
هەروەها موحەمەد چاوشین گووتی : لە ئێستادا، لەچەندین ناوچەی دەڤەری پشدەر و لەناویشیاندا لووتكەی”كەلەگا”لە زنجیرە چیای مامەندە، بەشێوەیەكی بەربڵاو، دڵی ناوچە شاخاوییەكان هەڵدەكوڵدرێت بەمەبەستی دەرهێنانی بەرد. بەوهۆیەشيەوە وێڕای تێكدان و زیانگەیاندن بە ئیكۆسیستمی كوێستانەكان، هاوكات سرووشت و سیمای ناوچە شاخاوییەكانیشیان ناشیرین و شێواندووە!. ئەمەیش ناڕەزایی و نیگەرانی گرووپە شاخەوانییەكان و ژینگە پارێزانی دەڤەرەكەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
لەچەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام دەدرێت و میكانیزم و شێوازی نوێ لەهەمبەر ئەو دەستدرێژیانە بۆسەر ناوچە كوێستانییەكانی سنووری دەڤەری پشدەر ڕادەگەندرێت.