ئەمساڵ گەنمی کوردستان دوو ملیۆن و پێنج سەد ھەزار تۆن دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڵاوی کردووەتەوە، تا ئێستا زیاتر لە دوو سەد و دە ھەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کوردستان وەرگیراوە و لە سایلۆکان ئەمبار کراون.

وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، تا ٢٣ـی حوزەیران زیاتر لە ھەشتا ھەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە، ھاوکات شەست و شەش ھەزار تۆن و پێنج سەد و چل و شەش کیلۆ گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای دھۆک وەرگیراوە، لەگەڵ ئەوەش شەست و دوو ھەزار تۆن و پێنج سەد و نەوەد و دوو کیلۆ گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای ھەولێر وەرگیراوە.
کۆی گشتیی ئەو بڕە گەنمەی تا ئێستا لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە و ئەمبار کراوە، گەیشتووەتە دوو سەد و دە ھەزار تۆن و سەد و سی و سێ کیلۆ و شەست و دوو گرام گەنم.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ڕایگەیاند، بە ڕاسپاردەکانی ھەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانیی، ھەموو ئەو بڕە گەنمە لە جووتیاران وەردەگیرێت کە دیاریکراوە، بۆ ئاسانکاریی زیاتریش بۆ جووتیاران، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دوای ڕادەستکردنی گەنمەکانیان، مافی جووتیاران دەدرێت.
بەپێی زانیارییەکان، ھەر جووتیارێک کە گەنمەکەی ڕادەستی سایلۆ دەکات، نموونەی گەنمەکەی دەنێردرێتە تاقیگە، پاش دەرچوونی لە تاقیگە، پسوولەیەک دەدرێت بە جووتیارەکە و دەباتە یەکەی ژمێریاریی بۆ ئەوەی پارەکەی بۆ خەرج بکرێت، ھەروەھا ڕۆژانە بەپێی ئەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تەرخانکراوە، بڕە پارەی گەنمی جووتیاران ڕاستەوخۆ دەنێردرێت بۆ ھەر شوێنێکی پارێزگاکە.
ساڵی ڕابردوو پێنج سەد ھەزار تۆن گەنمی ھەرێمی کوردستان وەرگیرا، ساڵی ٢٠٢٢ بەھۆی وشکەساڵی و کەم بارانییەوە بەرھەمی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکوومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە سێ سەد ھەزار تۆن بوو.
لە دە ساڵی ڕابردوودا بەرزترین بڕی گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ بوو کە نۆسەد و دوازدە ھەزار و شەش سەد و بیست و شەش تۆن بووە، بەڵام بەبیانووی کەمی بودجە و گومان لەزیادبوونی بەرھەمی گەنمی کوردستان، بەغدا ساڵ لەدوای ساڵ بری وەرگرتنی کەمکردووەتەوە، ئەمساڵ ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی تەنیا حەوت سەد ھەزار تۆن داوە. بەگوتەی بەرپرسی سایلۆیەکان، گەنمی ئەمساڵ زۆر باشە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ئەمساڵ بارانێکی باش باریوە، ھەر ئەوەش وای کردووە قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەر دەرگای سایلۆیەکان ھەبێت، بڕیارەکەی بەغدا کاریگەری لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەبێت و گەنمێکی زۆری جووتیاران دەمێنێتەوە، بەوەش جووتیاران زەرەرمەند دەبن.
عوسمان شەھاب، جووتیارێکی ئاکرێیە، دەڵێت: ئەوە بۆ بیست ڕۆژ دەبێت دەستمان بە دروێنەی گەنم کردووە، بەڵام داوا دەکەین لە سایلۆیەکان ئاسانکاری بۆ جووتیاران بکرێت، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا گەنمەکەمان ڕادەستی سایلۆیەکان بکەین، چونکە ھەر ڕۆژێک بارەکەمان لە بەردەرگای سایلۆکان بمێنێتەوە دەبێت ھەشتا ھەزار دینار بدەینە بارھەڵگرەکە، ئەوەش پارەیەکی زۆرە.
ئەحمەد سەرباز، جووتیارێکی دیکەیە، گوتی: داوا دەکەین حکوومەتی عێراق ھەموو گەنمی جووتیارانی کوردستان وەربگرێت، بۆ ئەوەی زەرەرمەند نەبین.
حەیدەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، لە ١٦ـی مانگی داھاتوو پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران کۆتایی دێت، بەڵام لە ئەگەری بوونی گەنمێکی زۆرتر وادەکە درێژ دەکرێتەوە.