شەشەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەولێر بەڕێوەچوو

دوێنێ لە هەولێر، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و نوێنەری وڵاتان و میوانانی بیانی شەشەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا چەندین وتار پێشکەشکرا و جەخت لە باشکردنی دۆخی ئێزدییەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کرایەوە.

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە کۆنفرانسەکەدا، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند؛ خوشک و بریانی ئێزدی و هەموو کۆمەڵگەی عێراقی و ناوچەکەش بەهۆی کردەوە و ڕەفتارەکانی داعش تووشی ئازار و مەینەتییەکی زۆربوونەوە. هەمووشمان دەزانین تیرۆر پەیوەندیی بە نەتەوەیەک و ئاینێکەوە نییە، پێشمەرگەی کوردستان بەهاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی توانیان تا ڕادەیەکی زۆر شکست بە داعش و تواناکانیان بێنن. بەڵام دوای سەرکەوتنی پێشمەرگە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و هێزەکانی عێراق پێویستە لە ڕووی یاسایی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بایەخ دۆخ و ژیان و گوزەرانی خوشک و برایانی ئێزدی بدرێت.
وتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی جیددی خۆی دەدات لەگەڵ حکوومەتی عێراق یان هەر خۆی ئەوەی پێی بکرێت، هەوڵ دەدات خزمەتی خوشک و برایانی ئێزدی دەکات لەڕووی یاساییەوە، لە ڕووی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستا و لە ڕابردووشدا درێغیی نەکردووە.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەوەشی خستەڕوو؛ نەگەڕانەوەی هاووڵاتییانی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان، گەورەترین زیانە بەر ئێستا و ئایندەی ئێزدی دەکەوێت و پێشێلکارییەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤە. بۆیە پێویستە حکوومەتی کۆمەڵگەی نێودوەڵەتی و حکوومەتی عێراق بەتایبەتی ڕێخۆشکەر بن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئێزدی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ئەوەشی وت؛ چارە نەکردنی ئەو ناخۆشی و ئاستەنگانەی لەبەردەم ئێزدییەکان هەیە، هەڕەشەیە لەسەر ئاشتەوایی نێودەوڵەتی و دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕێگەیەک بدۆزێتەوە تاوەکوو چیتر هاووڵاتییانی ئێزدی تووشی مەینەتی و ناخۆشی نەبنەوە.
کلاوس سترایشێر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند؛ ئەڵمانیا میوانداریی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی ئێزیدی دەکات و بایەخێکی تایبەت بە گفتوگۆکانی ئەم کۆنفرانسە دەدات”
سەبارەت بەو تاوانەی دژی ئێزدیەکان کرا، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، گوتی: نابێت هەرگیز ئەم تاوانانە لەبیر بکرێن” و جەختی لەسەر گرنگیی بیرهێنانەوە و قسەکردن لەسەر ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و لێپرسینەوە.
کونسوڵی ئەڵمانیا، پاڵپشتی ئەڵمانیای بۆ کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە لە دهۆک و تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یونیتاد خستەڕوو. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دادگاکانی ئەڵمانیا یەکەم لایەن بوون کە سزای توندیان بەسەر تاوانبارانی داعشدا سەپاند. هاوکات جەختیشی لە سەرکردایەتیی ئەڵمانیا لە دادگاییکردنی تاوانباران کردەوە.
ستایشی هەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش و یاسای پاراستنی ئێزیدییەکانی ساڵی 2001ـی وەک هەنگاوێکی بەرچاو هێنایەوە.
سەبارەت بە بڕیاری بە ناچاری ناردنەوەی ئاوارەکانیش، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا، هەڵویستی خۆی خستەڕوو و ڕایگەیاند؛ داوای درێژکردنەوەی ماوەی کاتی داخستنی ئەم کەمپانەی کرد بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی مرۆیی و یەکگرتن و گواستنەوەی زیاتری ئاوارەکان و ڕێگریکردن لە ئاوارەبوونەوەیان و درووستبوونی ناسەقامگیری زیاتر.
هەر لە کۆنفراسەکەدا، د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرت بەوەی لەسەر ڕاپۆرتە بێ ناوەڕۆکەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بڕیار دەردەکات.
سەبارەت بە کۆ بەستنی کۆنفرانسەکە، ڕایگەیاند؛ ئامانج لە گرێدانی کۆنفرانسی لالش ئەوەیە کە تیشک بخاتە سەر ڕزگاربووانی توندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەها ئەو توندوتیژییە سێکسییەی کە وەک چەکێک لە کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و پەیڕەوانی ئایینی ئێزیدی بەتایبەت بەکار هێنرا.
ڕاشیگەیاند؛ دەمانەوێت بزانین دوای 10 ساڵ ڕەوشی شنگال و دەورووبەری و ڕەوشی ڕزگار بووانی و ڕەوشی تاکەکان و کۆمەڵگا بەگشتی چۆنە. ئایا لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیویانە زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێنن بۆ ئەوەی ڕزگار بوویەکی توندوتیژی دەستی ڕێکخراوی داعش بەسەر بەرزانە بگڕێتەوە زێدی خۆی؟ بۆچی ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ ناکرێت؟ ئەگەر ناشیانەوێ ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن، ئینتەر ناتیڤەکەی چییە؟”
خانزاد ئەحمەد، لە درێژەی وتارەکەیدا، ئەوەشی وت؛ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەیاننامەی بێناوەڕۆک بڵاو دەکاتەوە و حکوومەتی فیدڕاڵیش هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی ئەم وەزارەتەوە فەرمان دەردەکات و داوای گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات بۆ شنگال، ئایا توانیوویەتی لە ڕێگەی ئەمنی سیاسی ئاوەدانکردنەوە سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتییەوە زەمینەی لەبار بۆ ئاوارەکان بڕەخسێنێت؟”
کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان، ساڵانە دەبەسترێت و ئەمساڵ شەشەمین کۆنفراسی خۆیان لە هەولێر بەست.

ھەواڵی زیاتر