سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

زایەر عەبدوڵڵا،‎هونەرمەندێکی باڵاهەڵکشاو

‎هاودەنگ فارووق

‎زیاتر لە سی وپێنج ساڵ لەمەوبەر ‎هونەرمەندێکی داهێنەر و سەنگین و پڕ لە وزەی هەمەجۆر و ڕێبوارێكی لەخۆبوردووی ڕێگەی هونەرو كاروانی كوردایەتیم ناسی، مێژوویەک پڕ لە بەرهەمی هونەری. لە هەر کوێیەک کەلێنێکی هونەری، نواندن، شانۆیی، هەبووبێت كاكە زایەر بە بیری دەوڵەمەند و زمانی شیرینی نواندن پڕی کردووەتەوە. ئەو گوتەیە زۆر ڕاستە، كە دەڵێن:” هەموو كەڵە پیاوێكی كارزان وداهێنەر، شێرە ژنێكی لە پشتە” ئەو هونەرمەندە خۆشلوتف و شیرینە، شیرینی هاوسەرو دەستبار لەژیان و هاوکار و هاوسەفەری ناو كایەی هونەرو درامای لەپشتە، شیرین كە من لە كۆتاییی هەشتاكانەوە پێ دەڵێم “دادە” چونكێ بۆ من هەم دایك و هەمیش خوشكی گەورە بووە.
‎كە زانیم كاك زایەر دیسان باری تەندروستی تێكچووەتەوە، چەندی كردم، نەمتوانی شتێك بنووسم بۆ ئەوەی بەو قەناعەتە بگەم، كە زایەر لە نەخۆشی بەهێزتر و باڵای ڕوولەهەڵكشانی كەسایەتی بەرز و هونەرەكەی وەك چیای سەفین بڵندو بەهێزە.
‎ئێستاش سێبەشی هەوادارانی بە كاك “ئۆمەر” دەیناسن، كاراكتەری ئۆمەرە چاوچنۆك لە یادو یادەوەری منداڵیماندا بەزیندوویی ماوەتەوە، زایەر هەردەم خۆشەویستی هەولێرییەكان و هەموو كوردستانە، تەمسیلەكانی جێگەیان لە هەموو ماڵێکدا کردووەتەوە، نواندنەکانی ئەو لە زیهنی بینەردا دەمێننەوە. بەژن و باڵای کاراکتەری نواندنی بە زوویی کاریگەری دەخاتە سەر بینەر. ئەو لە ژیانیدا ڕەنج و ئازار و زیندانی و دەربەدەری و فەسڵکردنی لە سەردەمی بەعس زۆر دیوە. هەموو مەینەت و ئازارەکانی خۆی بە ئاوێنەی دراماو شانۆ نیشانی خەڵک دەدات.
‎زایەر مرۆڤێکی میهرەبان و کۆمەڵایەتیی قسەخۆش و دەمبەپێکەنین و لووتفشیرینە. مەجلیسەکانی هەمیشە بە نەقڵی کۆن و بەسەرهاتی سوودبەخش دەڕازێنێتەوە.
‎بۆ منیش براگەورەو سەنەدێکی برادۆستی زۆر باشە، ڕۆژانی سیاسی و دەردەسەری زۆر سەختمان پێكەوە بەسەربردوە، هەمیشە زووزوو یەک دەبینین و پەیوەندی بە یەکترەوە دەکەین. زۆر بەداخم كە دیسان شێرپەنجەی نەفرەتی بۆ دووەم جار پەلاماری داوەتەوە، لە دڵەوە ڕاپسکام و دەروونم حەزین و ناڕەحەت بوو، بەڵام دواتر بیرم لەوە کردەوە، کاک زاهیر زۆر بەورو ئیڕادەی بەرزترە لەوەی شێرپەنجە بیچەمێنێتەوە، دەزانم لە بەرانبەر هەر نەخۆشی و ناخۆشییەک دەبێت بە پۆڵا، ئەو کە لەسەردەمی زیندانیكردنی ئەمنی سەددام مەرگی بەچۆکدا هێنا، ئیتر نەخۆشی نایبەزێنێ و بەسەریدا زاڵ دەبێت. هیوادارم گەرموگوڕتر لە جاران بێتەوە نێو کۆڕی یاران و بە هونەرەكەی سەختگیرتر داکۆکی لە مافی هاوپیشە و هەژار و لێقەوماوان بكات، ئاخر زایەر عەبدوڵڵا بەشێکە لە ناسنامەی هونەری کوردی و ناوێکی درەوشاوەیە لە ئاسمانی شانۆو و درامای میللەتەكەمان.
‎هەر وەک موژدەیەک بە هونەردۆستان و هاوڕێ و هەوادارانی کاکە زایەر، بڕیارە لە چەند سەعاتی داهاتوودا، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، ‎هەماهەنگی كاك ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر،‎ هونەرمەندو نووسەر و ئاكتەری ناوداری كوردستان كاكە زایەر عەبدوڵڵای خۆشەویست، بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوەی كوردستان بكرێت. تەمەننای سەفەری خێرو چاكبوونەوەی یەكجارەكی بۆ دەكەم.