سەرۆکایەتیی هەرێم بەڕاوێژ لەگەڵ لایەنەکان خەریکی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە گفتوگۆدایە بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پارتە سیاسییەکان بۆچوونی خۆیان خستووەتەڕوو ھەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن ھەڵبژاردن لە مانگی نۆ تا مانگی دەی ئەمساڵ بکرێت. بەرپرسانی کۆمیسیۆنیش، دەڵێن، ھەموو ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن و ماوەی تۆمارکردنی ھاوپەیمانێتی و کاندیدان تا ٢٧ی ئەم مانگە درێژ کرایەوە، دواتر دەرگای پێشکەشکردنی لیستی لایەنەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێتەوە.

سەرۆکایەتیی ھەرێم وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردن دیاری دەکات
حزب و لایەنەکان، دەڵێن، سەرۆکایەتیی ھەرێم پەیوەندی بە ئێمەوە کردووە و ڕاوێژیان کردووە و بیروڕامان گۆڕیوەتەوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت کە ھەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن مانگی نۆ یان مانگی دە ھەڵبژاردن بکرێت، چونکە کۆمیسیۆن لە ڕۆژی دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردنەوە سەد ڕۆژی بۆ خۆ ئامادەکردن پێویستە. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی ھەرێم، ئاشکرای کرد: زۆر گرنگە ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، ئەوەش دەمێنێتەوە لەسەر بارودۆخی کوردستان و بۆچوونی پارتە سیاسییەکان، لەپێش ھەموویانەوە کۆمیسیۆن، کۆمیسیۆن ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ کردنی ھەڵبژاردن، بۆیە ئەوەی گرنگە ھەڵبژاردن بکرێت، چونکە ئێستا کوردستان بێ پەرلەمانە، بێ کۆمیسیۆن و ئەنجوومەنی پارێزگاکانە ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت ھەموو ئەو کێشانەی ئێستا ھەن چارە دەبن، ئەوەش ھەموو لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە تا مانگی دەی ئەمساڵ ھەڵبژاردن دەکرێت و لەوە زیاتر دواناخرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت.
ماوەی تۆمارکردنی ھاوپەیمانێتی و کاندیدان درێژ کرایەوە
دوێنێ ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بۆ دووەمجار وادەی پێشکەش کردنی داواکاریی و خۆتۆمارکردنی حزب، ھاوپەیمانێتی و کاندیدانی سەربەخۆ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ سێ ڕۆژ درێژ کردووەتەوە و تا وەکو کۆتایی دەوامی نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت، دوای کۆتایی ھاتنی وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان و لایەنە سیاسییەکان و ھاوپەیمانان، دەرگای پێشکەشکردنی لیستی لایەنەکان بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی کردنی ھەڵبژاردن بەشدار بن، کە تا ئێستا بیست و دوو لایەنی سیاسی، دوو ھاوپەیمانی و زیاتر لە حەفتا و چوار کاندیدی سەربەخۆ خۆیان تۆمار کردووە. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕاگەیاند، تا ئێستا دوو ھاوپەیمانی سێ حزبی و ھاوپەیمانیەتی شەش حزبی لەگەڵ پێنج حزب بە تەنیا خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.

سەرەڕای تێبینیبەکانی پارتی بەشداری ھەڵبژاردن دەکات
بەرپرسانی پارتی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، پارتی ھەمیشە لەگەڵ ھەڵبژاردن بووە، کەس ناتوانێت موزایەدەی ئەوە بکات بەسەر پارتی کە لەگەڵ ھەڵبژاردن نەبووە، ھەموو خەڵکی کوردستان دەزانێت، پێشنیازی ھەڵبژاردن، پێشنیازی سەرۆک بارزانی بووە، ئێستاش دیارە کێ بەربەست و ئاستەنگی دروست کردووە، داوای دواخستنی ھەڵبژاردنمان نەکردبوو، تەنیا کۆمەڵێک سەرنج و تێبینیمان ھەبوو لە ڕووی یاسایی و دەستووریەوە، ھەندێک لە تێبینییەکانی ئێمە لەبەرچاو گیراون، بۆیە ئامادەین بچینە ناو ھەڵبژاردنەوە. ئاری ھەرسین بەرپرسی لقی ٤ی پارتی، ڕاگەیاند، لە ساڵی ١٩٩١ سەرۆک بارزانی خۆی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی کۆتایی ھات و پێویستە بچینە قۆناغێکی دیکە کە پێی دەڵێن شەرعیەتی مەدەنی و شەرعیەتی پەرلەمانی و دیموکراسی، ئێمە وەکو پارتی بڕوامان بە ھەڵبژاردن ھەیە و ڕێزی دەگرین، بە تەنیا پرۆسەی دەزانین بۆ دەستاو دەست کردنی دەستەڵات، ڕێگەش بە ھیچ کەسێک نادەین پیلانگێڕی لە دژی ھەرێمی کوردستان بکات، ئەو ھەوڵەی ئێمەش لە ڕابردوو دژی ھەڵبژاردن نەبوو، بەپێچەوانەوە دژی ئەو پیلانگێڕیە بوو، ھۆکارەکانمان دیاری کردبوو، گوتمان بەو شێوەیە ئێمە بەشداری ھەڵبژاردن ناکەین.
ئاری ھەرسین، ڕوونیکردەوە: زۆر کەس گرەوی لەسەر ئەوە کردبوو ئەگەر پارتی بەشداری ھەڵبژاردن نەکات ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و ھەڵبژاردن ھەر دەکرێت، دواجار سەلمێنرا کە پارتی وەکو گەورەترین پارتی سیاسی لە کوردستان ژمارەیە و بەبێ پارتی ھیچ ناکرێ، ئەو ئەنجامەی دەستکەوت سەرکەوتنێکی گەورەبوو، پشکی شێری ئەو سەرکەوتنەش بەر سەرۆک بارزانی دەکەوێت، چونکە بەو سیاسەتە حەکیمانەیەی سەرۆک لەسەر بنەمای خۆ نەچەماندن کە چەندین جار ئەمەی بەرجەستە کردووە لە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی خۆیدا و سەرکەوتنی بەدەستھێناوە.

پارتی مافی پێکهاتەکانی پاراست
ھەڵوێستی پارتی بەرامبەر بە پێکھاتەکان و سیستەمی کۆتا، زۆر جیددی بوو، سەرۆک بارزانی ھەمیشە پشتیوانی لە مافی پێکھاتەکان کردووە، ڕۆژی سێشەممە ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ڕەزامەندیی لەسەر بڕیاری گەڕانەوەی پێنج کورسی بۆ پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نیشان دا، کورسیی پێکھاتەکانیش بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراون: ھەولێر سی و چوار کورسی، دوو کورسی بۆ پێکھاتەی تورکمان و کریستیان، سلێمانی سی و ھەشت کورسی، دوو کورسی بۆ پێکھاتەی تورکمان و کریستیان، لە پارێزگای دھۆک بیست و پێنج کورسی، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی کریستیان، ھەڵەبجە سێ کورسی و ھیچ کورسییەک بۆ پێکھاتەکان تەرخان نەکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەش کراو لەلایەن پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستانەوە، بڕیاری دا لە سەد کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسیی بۆ پێکھاتەکان تەرخان بکرێن، واتا نەوەد و پێنج کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکھاتەکان.

تورکمانەکان لە دەرەوەی سیستمی کۆتاکان بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، گوتی: ھەڵبژاردن پرسێکی گرنگە، بۆیە ئەو پرسە پێویستی بە ڕێککەوتنە، چونکە پرسێکی نیشتمانییە، ھەروەھا ئێمە وەکو نەتەوەی تورکمان لەگەڵ ئەوەداین بە بەشداریی ھەموو لایەنە سیاسییەکان ھەڵبژاردن بکرێت، ئەو پێنج کورسییەی بۆ پێکھاتەکان تەرخان کراون کەمن، ھەروەھا دابەشکردنی کورسییەکان زۆر ھەڵەیە کە لەسەر ئاستی جوگرافیا دابەشکراون و بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراو بووە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی کۆتاکاندا نییە، بۆیە پێشتریش گوتومانە ئەو دابەشکردنە ڕەت دەکەینەوە، چونکە نادادی تێدایە.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان باسی لەوەش کرد، ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی لە ڕێگەی سیستەمی کۆتاکان بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ناکەین بەڵکو لە دەرەوەی سیستەمی کۆتاکان بەشدار دەبین، ھەڵوێستەکەشمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەی کورسیی پێکھاتەکان زۆر کەمە بەتایبەت بۆ شاری ھەولێر، چونکە زۆرترین ژمارەی نەتەوەی تورکمانەکان لە دوای کەرکووک لە ھەولێرە، بۆیە پێویستە ڕەچاوی نەتەوەکان و داواکاریی پێکھاتەکان بکرێت.

ھەواڵی زیاتر