پشتیوان سادق: 42 فەرمانبەری هەرێمی کوردستان خزمەتی حاجییانیان کردووە

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 42 فەرمانبەر خزمەتی حاجییانیان کردووە لە ماڵی خوا.

دووشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2024، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمرۆ یەکەم کاروانی حاجییان بە سەلامەتی گەیشتنەوە شاری هەولێر؛ داوای لێبووردنیان لێ دەکەین بۆ هەر کەموکووڕییەک کە هەبووە.

ئەو وەزیرە دەڵێت، “سوپاسی هەموو تیمەکان دەکەین کە بە حاجیانی هەرێمی کوردستانەوە ماندوو بوون، لە کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە، چوار هەزار و 685 کەس ڕێورەسمی حەجی کردووە، ئەوە بەشی هەرێمی کوردستان بووە لە عێراقدا”.

دەشڵێت، “بەشێک لە حاجییان بە فڕۆکە و بەشێکی دیکەیان بە ڕێگەی وشکایی چوونەتە سعوودیە.  42 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لە خزمەت ئەو حاجیانەدا بوونە لە مەککە و مەدینە.”

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕاشیگەیاند، جگە لەو ڕێژەیەی کە حەجیان کردووە، ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتییان لەڕێگەی جۆراوجۆرە و بە ڤیزای گەشتییارییەوە فەریزەی حەجی بەجێ گەیاندووە، ئەوانەی لەو ڕێگەوە ئەو ڕێوڕەسمەیان کردووە، لە ڕێگەی کونسوڵی سعوودیە بە ڤیزای ساڵی لە هەولێر و لە عێراق کە دابەشیان کراوە بەسەر هاووڵاتییان و دامەزراوە و کەسایەتییەکان، هیچ پەیوەندییەکیان بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینییەوە نییە.

ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەش دا، “نزیکەی 15 هەزار کەس لە ڕێگەی ڤیزای ساڵی و ڤیزای “مجاملە” دڵ ڕایی گەشتی حەجی کردووە و ئەو ڕێژەیەش دەکاتە دوو ئەوەندی ڕێژەی فەرمی. ئێمە پێش سەفەری ماڵی خودا لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەوە ڕامانگەیاند و داوامان لە هاووڵاتییان کرد، جگە لەڕێگەی فەرمی بە هیچ ڕیگەیەکی دیکە گەشتی ماڵی خوا نەکەن.

هەروەها لای خۆشمانەوە ئاگاداری گشت کۆمپانیاکانمان کردووە، وەکو وەزارەت جگە لە ڕێگەی فەرمی هاووڵاتیی بە ڕێگەی جۆراو جۆر نەبەن.

هەر بۆیە “لە کوردستان بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی 30 حاجی گیانی سپاردووە، 29 کەسیان بە ڤیزای گەشتیاری بووە، تەنیا یەک کەس بەڕێگەی فەرمی گیانی سپاردووە”. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی وا دەڵێ.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە.

ھەواڵی زیاتر