بە فەرمانی سەرۆکوەزیران پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ جێبەجێ دەکرێت

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەفەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ئاوی “گۆپتەپە”ی چەمچەماڵ، بە گوژمەی 78 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.

دووشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەوە بۆ ئیمزاکردنی پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگ و گەورەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.

بە گوتەی ئەو وەزیرە، “ئیمزاکردنی گرێبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوەیە بۆ شارۆچکەی چەمچەماڵ ڕاستەوخۆ دەکرێت، ساڵانێکی زۆرە چەمچەماڵ و دەوروبەری بەدەست گرفتی کەم ئاوییەوە گرفتارن؛ ئەو چاوەڕوانییەی خەڵکی چەمچەماڵ لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە زووترین کات و بە سەرکەوتوویی تەواو دەبێت”.

ئەو وەزیرە دەڵێت: “بەڕێنمایی و فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتگیری و خەمخۆری ئەوان بۆ خەڵکی چەمچەماڵ بڕیاری لێ دراوە، ئەو پرۆژەیەش دەچێتە سەر کارەکانی دیکەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان”.

دەشڵێت، “ئەمرۆ گرێبەستەکە ئیمزا دەکەین و ڕاستەوخۆ دەچیتە بواری جێبەجێکردنەوە، پرۆژەکە بەناوی “پڕۆژەی دیزاین کردن و جێبەجێکردن و کار پێکردنی ئاوی گۆپتەپە”ـی چەمچەماڵە، لەلایەن کۆمپانیایەکی جێبەجێکار دەکرێت و گوژمەی پڕۆژەکەش بریتییە لە؛ 78 ملیۆن دۆلار، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارەکە بۆ پڕۆژەکە دابین کراوە”.

“ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە 730 ڕۆژی ڕۆژمێرییە، بەڵام ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەو ماوەیە کورتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی زووتر خەڵکی چەمچەماڵ و دەوروبەری سوودمەندبن لێی”. ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وا دەڵێت.

ھەواڵی زیاتر