هاوپەیمانان سیستەمێکی لۆجیستی بەهێز بۆ پێشمەرگە دادەنێن

هێزەکانی هاوپەیمانان، سیستەمێکی بەهێزی لۆجیستی بۆ پێشمەرگە دادەنێن، لەڕێگەی ئەو سیستەمەوە سەرجەم یەکەکانی پێشمەرگە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەری هەماهەنگی ، بەڕێوەبەرانی میرەی گشتیی سەربازیی و گەیاندن، بەڕێوەبەری ئای تی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ کۆڵۆنێڵ مایکڵ گەچیرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هاوکاری ئاسایشی کونسوڵخانەی ئەمریکا و شاندی یاوەری کە لە نوێنەرانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و جۆن کێرتز سەرپەرشتیاری دانانی پڕۆژەی سیستەمی لۆجیستی هێزەکانی هاوپەیمانان کۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ڕێکارەکانی دانانی سیستەمێکی لۆجیستی بەهێز بۆ پێشمەرگە کراوە، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە تیمێکی هاوبەش سەردانێکی مەیدانی بۆ ئەو شوێنە بکەن کە دەیانەوێت سیستەمەکەی لێ جێگیر بکەن، لەگەڵ شێوازیی دانانی سیستەمەکە.

زانیارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرایان کردووە، ئامانج لە دانانی ئەو سیستەمە، بەستنەوەی تەواوی یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە بەشێوەیەکی تۆکمەتر و باشتر لەگەڵ یەکتر.