پارێزگاری هه‌ولێر و جێگری باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كۆبوونه‌وه‌

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24-6-2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به‌ یاوه‌ری ناز جەلال بەرێوەبەری Ejccـی هه‌ولێر، پێشوازی له‌ رۆزی كه‌یڤ جێگری باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌ دیدارێكدا وێڕای به‌خێرهێنانی شانده‌كه‌ له‌ لایه‌ن پارێزگاری هه‌ولێره‌وه‌، ئاماژه‌ به‌ مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا له‌ گشت بواره‌كان كرد و جه‌ختیشی له‌ به‌رده‌وامی و بره‌ودان به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرده‌وه‌.
هه‌روه‌ها بابه‌تی كۆچ و پرسی ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا و له‌مباره‌یه‌وه‌ پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، له‌ پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی كۆچ، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ كونسوڵخانه‌ و باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا هه‌ماهه‌نگ و هاوكار ده‌بن.
هه‌روه‌ها پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی بۆ هۆكاره‌كانی بوونی كۆچی نایاسایی كردو رایگه‌یاند، له‌ دوای ساڵی 2014 و ده‌ستپێكی هێرشه‌كانی تیرۆریستانی داعش و میلیشیاكان و دروستبوونی قه‌یرانی دارایی و ده‌ستبردن بۆ قووتی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و بڕینی شایسته‌ داراییه‌كان و هه‌روه‌ها هاتنی سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمی كوردستان و كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌لی كار، وایكرد‌ هاووڵاتیان دووباره‌ بیر له‌ كۆچ بكه‌نه‌وه‌، له‌ كاتێكدا به‌ر له‌ هه‌بوونی ئه‌م گرفتانه‌، كۆچی پێچه‌وانه‌ له‌ وڵاتانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی سه‌قامگیری ئابووریی و زۆربوونی هه‌لی كاره‌وه‌ دروستببوو.
جه‌ختیشیكرده‌وه‌،‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌ گوێره‌ی یاسا به‌ركاره‌كانه‌وه‌، رووبه‌ڕووی قاچاخچییه‌كان ده‌بنه‌وه‌ و رێگر ده‌بن له‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ به‌ هه‌موو شێوازه‌كانییه‌وه‌.
روونیشیكرده‌وه‌، به‌هۆی ئاڵۆزیی و ئاڵنگارییه‌كانی ناوچه‌كه‌، هه‌ولێر باوه‌شی بۆ 344 هه‌زار ئاواره‌و په‌نابه‌ری عێراق و سووریا كرده‌وه‌ و ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ژیانكردنیان بۆ دابینكراوه‌، هاوشێوه‌ی كه‌مپ، قوتابخانه‌ و چاره‌سه‌رییه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ شانده‌ به‌ریتانییه‌كه هه‌رێمی كوردستانی وه‌ك هاوبه‌شێكی گرنگ و سه‌ره‌كی بۆ به‌ریتانیا له‌ ناوچه‌كه‌ وه‌سفكرد و جه‌ختیان له‌ گرنگی و به‌رده‌وامی به‌هێزی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و له‌نده‌ن كرده‌وه‌.
‌ هه‌روه‌ها شانده‌كه‌ بوونی سه‌نته‌ری كۆچ له‌ پارێزگای هه‌ولێر و ته‌واوی پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ گرنگ زانی و ئاماده‌ییان بۆ هه‌موو پاڵپشتییه‌ك بۆ ئه‌و سه‌نته‌ره‌ له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی كۆچی نایاسایی و هاندانی كۆچی پێچه‌وانه‌ ده‌ربڕی.