پارێزگاری هه‌ولێر پێشوازی له‌ رێكخراوی خێرخوازی ستێرلینگی ئەمەریکی كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24-6-2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی دكتۆر دلۆڤان فاتیح جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر و ناز جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری Ejccـی هه‌ولێر، پێشوازی لە شاندی رێکخراوی خێرخوازی ستێرلینگی ئەمەریکی كرد كه‌ له‌ ستێرلینگ ڤاوندێیش و شاندی یاوه‌ری پێكهاتبوون.
شانده‌كه‌ بەمەبەستی دروستکردنی سەنتەرێکی چارەسەر بۆ توشبووانی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان له‌ هەولێرن.
له‌ دیدارێكدا، پارێزگاری هه‌ولێر مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كانی بۆسه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ باسكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ به‌ هێزه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی بازرگانیكردن به‌و ماددانه‌ ده‌بنه‌وه‌.
هه‌روه‌ها پارێزگاری هه‌ولێر له‌مڕوه‌وه‌ هه‌موو هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كی پارێزگای هه‌ولێری بۆ شانده‌كه‌ نیشاندا بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی دروستكردنی سه‌نته‌رێک بۆ چاره‌سه‌ریی تووشبوانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كان له‌هه‌ولێر، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی رێكخراوه‌كه‌ی به‌ گرنگ وه‌سفكرد.
شانده‌كه‌ش ته‌واوی ئاماده‌یی رێكخراوه‌كه‌یانی بۆ هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تگه‌یاندن به‌ كه‌رته‌كانی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ نیشاندا، به‌تایبه‌ت رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر.