عەلی سەعید، بەرپرسی پەیوەندیی و هەماهەنگیی قەیرانەکان:گرووپە لە یاسا دەرچووەکان ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکانیان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

زیاتر لە دوو ملیۆن کەس بەھۆی توندوتیژییەکانی داعش و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچە کوردستانییەکان و شارەکانی عێراق کۆچیان کرد، زۆرینەی ئاوارەکان لە کوردستان ھەست بە سەقامگیری دەکەن، بۆیە ئامادەنین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. عەلی سەعید، بەرپرسی پەیوەندیی و ھەماھەنگیی قەیرانەکان، دەڵێت: گرووپە میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان و ئەو ھێزانەی دیکە کە لەناو چوارچێوەی ھێزی فەرمی و نیزامی عێراقیدا نین، ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و ژینگەیەکی خراپ و نەرێنیان لە ناوچەکانیاندا ھێناوەتە ئاراوە.

نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان ھەن، لەو ژمارەیە دوو سەد و شەست و نۆ ھەزار و دوو سەد و نەوەد و سێ پەنابەرن لە وڵاتانی دیکەوە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە. حکوومەتی ھەرێمی کورستان ھەمیشە دەرگاکانی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران واڵابووە و خزمەتگوزاری جۆراوجۆری پێشکەشکردوون، ساڵانە ھەشت سەد و چل و دوو ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران تەرخان دەکات.
بوونی ئاسایش و ئارامییەکی پتەو لە ھەرێمی کوردستان، وایکردووە خەڵکی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەش لە کاتی جەنگ و مەترسی لەسەر ژیانیان وەک پەنابەر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، کەلتووری مرۆڤدۆستی و میواندۆستی کوردستانییان وایکردووە پەنابەران، ھەرێمی کوردستان وەک پەناگەیەکی ئارام ببینن و ھەست بە پارێزراوی بکەن.
لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتی خوێندن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەنجا و سێ قوتابخانەی بۆ پەنابەران تەرخان کردووە، ژمارەی قوتابییە ئاوارە و پەنابەرەکان لە ھەرێمی کوردستان چل ھەزار و چوار سەد و دە قوتابییە.
دوای دە ساڵ لە ئاوارەبوونیان و تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر ئازادبوونی شارەکانی عێراق، ئاوارەکان ئەوانەی کە لە ھەرێمی کوردستانن، بەھۆی دۆخی ئێستای ناوچەکانیانەوە، مەیلی گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان ناکەن. وەکو ئاوارەکان دەڵێن، ھەست بە سەلامەتی دەکەین، خاوەنی ھەلی کاری خۆمانین، بۆیە بیر لەوە ناکەینەوە بگەڕێینەوە بۆ ناوچەکانمان، چونکە ھیچ جیاکارییەک لە ھەرێمی کوردستان لە نێوان پێکھاتەکان نابیندرێت، بۆیە ٩٠%ی ئاوارەکان کە لە کوردستان دەژین بیر لە گەڕانەوە ناکەنەوە.
عەلی سەعید، بەرپرسی پەیوەندیی و ھەماھەنگیی قەیرانەکان، دەڵێت: ئەو دەستپێشخەریی و مینحەدارایییانەی حکوومەتی فیدراڵ پێشکەش بە ئاوارەکانی دەکات، نەبووەتە ھۆی ھاندانیان و گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان، تەنیا بۆ پڕوپاگەندەی مێدیایی بەکارھاتووە.
بەرپرسی پەیوەندیی و ھەماھەنگیی قەیرانەکان، دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چەندین بۆنەدا جەختی لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان کردووەتەوە بۆ زێدی خۆیان بە مەرجی ئەوەی زەمینەسازی گەڕانەوەیان بۆ بکرێت و پرۆسەکە ئارەزوومەندانە بێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناچێتە ژێرباری ھیچ جۆرە فشار و میکانیزمێک بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە کەمپی ئاوارەکان دابخات.
عەلی سەعید، بەرپرسی پەیوەندیی و ھەماھەنگیی قەیرانەکان، باسی لەوەش کرد، ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی بەتایبەت ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەلماندوویەتی چ لایەنێک ڕێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان.
بەرپرسی پەیوەندیی و ھەماھەنگیی قەیرانەکان، جەختی لەوەشکردەوە: گرووپە میلیشیا لە یاسادەرچووەکان و ئەو ھێزانەی دیکە کە لەناو چوارچێوەی ھێزی فەرمی و نیزامی عێراقیدا نین، ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و ژینگەیەکی خراپ و نەرێنیان لە ناوچەکانیاندا ھێناوەتە ئاراوە.
عەلی سەعید، بەرپرسی پەیوەندیی و ھەماھەنگیی قەیرانەکان، زیاتر دەڵێ: حکوومەتی عێراق بەشی زۆری ھاوکاریی ئاوارە و پەنابەرانی بڕیوە، ئێستا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ھیچ کۆمەک و ھاوکارییەک بۆ ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان نانێرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری پێداویستییەکان لە ڕێگەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ ئاوارەکانی کەمپەکان دابین دەکات، بەشێکی دیکەش لە پێداوستییەکان لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دابین دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر