ئەو کەسە دەستگیرکراوە لە پشت سووتاندنی بازاڕی قەیسەریی هەولێرەوە بوو

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

قەیسەریی هەولێر بە پێچەوانەی بازاڕەکانی تری هەولێر تەنیا بازاڕێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بە بەشێکی گرنگ لە شوێنەواری مێژوویی هەولێر هەژمار دەکرێت کە تەمەنێکی درێژی هەیە بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیانێکی زۆری بەرکەوت. حکوومەت و بەرپرسانی پارێزگای هەولێر قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و ئامانجیانە لە ماوەی شەش مانگدا بازاڕەکە بە تەواوی نۆژەن بکەنەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان بکەنەوە.

شەوی پێنجی ئایاری ئەمساڵ ئاگرێكی گەورە لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و هەرچەندە دوای چەند سەعاتێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام زیانێکی زۆر بە دووکاندارانی بازاڕەکە گەیاند و لە کار و کاسبی کردن.
بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دووکان، دووسەد و بیست و حەوت دووکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتان و زیانیان پێ گەیشت. ئەو کات دوای لێکۆڵینەوە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووداوە نەخوازراوەکان سەردانی بازاڕەکەی کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا نەبووە.
دووکاندارانی بازاڕەکە ئەو کات داوایان لە حکوومەت کرد بەهانایانەوە بچێت و قەرەبووی زیان و زەرەرەکانیان بکاتەوە و بۆیەش حکوومەت جگە لە قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە زیانەکانیان دەستی بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە کردووە کە لە لایەن دوو کۆمپانیا جێبەجێ دەکرێت.
بازاڕەکە مێژووییە و هەموو کۆمپانیایەک ناتوانێت ئەرکەکە بە ئەستۆ بگرێت و جگە لەمە دەبێت زۆر بە وردی لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی بەشی شوێنەوار و شارەوانی و دەزگاکانی تر نۆژەن بکرێتەوە.
دوێنێ یەکشەم ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە یاوەریی جێگرەکەی و قایمقام و سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانیی یه‌ك و تیمی ئه‌ندازیاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر، پڕۆسەی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری به‌سه‌ر كرده‌وه‌.
پارێزگاری هەولێر بە ڕۆژنامەنووسانی گوت کە ئەنجامدەری سووتانی بازاڕی قەیسەری دەستگیر کراوە و لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواوی چیرۆکەکە بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا دەکەن.
ئەو لەبارەی گوژمەی تەرخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی قەیسەریی هەولێر ئاماژەی دا گوژمەکەی پێنج ملیار و سێسەد ملیۆن دینارە و بەدەر لەمە وەک هاوکاریکردنی کاسبکاران لە نیوەی پارەی زبڵ و خاشاک و تابلۆ و باج بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و لە تەواوی ئەو پارانە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ خۆش دەبن.
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ریی هه‌ولێر زۆر بە خێرایی لە جێبەجێکردندایە و بەگوتەی خۆشناو له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا تەواو دەکرێت. ئەو ڕوونی کردەوە کە، ڕۆژێک دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە سەرۆکی حکوومەت خۆی سەردانی قەیسەری کرد و هەر ئەو کات ڕایسپاردن بەزووترین کات دەست بە نۆژەنکردنەوەی بەشە سووتاوەکەی بکەن.
پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەیسەری بە دوو کۆمپانیا دراوە، تاوەکوو بتوانن بە باشترین شێوە و لەزووترین کاتدا بازاڕەکە نۆژەن بکرێتەوە. ماوەی یاسایی تەواکردنی پرۆسەکە ساڵێکە بەڵام کۆمپانیاکان خێران و لە ماوەی شەش مانگدا لەوانەیە تەواوی بکەن

ھەواڵی زیاتر