چارەسەری ھەناردەکردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم لە قۆناغی کۆتاییدایە

 ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ھەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق بە بیانووی ھۆکاری تەکنیکی دەیەوێت چارەسەری مەلەفی نەوتیی ھەرێم دوابکەوێت، بەڵام ھەردوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم و عێراق جیددین ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.

دکتۆر سەباح سوبحی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “پێشتر بڕیار بوو پڕۆژەیاسای نەوت و غاز رەوانەی پەرلەمان بکرێت و پەسەند بکرێت، بەڵام دواتر نەنێردرا و دواکەوت، وەلێ ھیچ پەیوەندیی بەوەوە نییە ببێتە بەربەست بۆ دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، چونکە ئێستا گفتوگۆی بەردەوام دەکرێت و ھەنگاوی باشیش نراوە، بۆ ئەوەی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە و ئەو یاسایەش زیاتر کەرتی نەوت رێک دەخاتەوە”.

سوبحی گوتیشی: “سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێم زیان نەکەن، بەڵام لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەیانەوێ بە بیانووی تەکنیکی ئەو پرسە دوابخرێت و دەخوازن ھەناردەکردنی نەوتی بەسڕا زیاد بکرێت، ھەرچەندە ڕاستە تێچووی نەوتی ئەوان کەمترە، بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە ھەڵەیەکی گەورەیە، چونکە ناردنی نەوتی زیاتر بۆ بەندەری جەیھان، ئەلتەرناتیڤ زیاد دەکات و مەترسیی زیاتر دروست دەکات، کە ھەر کاتێک کێشەیەک دروست بێت، کێشەکە گەورەتر دەبێت، بۆیە ئێستا تاکە بەربەست و ھۆکار لە بەردەم دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوت بۆ دەرەوە، تێچووی دەرھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستانە”.

زیاتر گوتی: “ھەردوو سەرۆکی حکوومەت جیددین لەسەر ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، بەڵام کێشەکە لە وەزارەتی نەوتی عێراقە و ئەوان ھۆکارن کێشەکە بەپەلە چارەسەر نەکرێت، لەبەر ئەوەی نایانەوێت هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە و دەیانەوێت ھەردەم کارتێکی فشار بێت لە دەست ئەواندا دژی ھەرێمی کوردستان بەکاری بێنن و دەیانەوێت گرفت بۆ کۆمپانیاکانی ھەرێم دروست بکەن و سزایان بدەن، کە پلانەکەش دەرەکییە بۆ ئەوەی دەرفەتی وەبەرھێنانی نەوت لە ھەرێم کەمتر بێت، بەڵام چارەسەری ئەو پرسە لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە دوایین کۆبوونەوەدا باسی ھەموو پرسەکان کراوە”.

دەشڵێ: “ئێستا هەردوولا لە گفتوگۆی گەرمدان و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەری کۆتایی بۆ بکرێت و ھەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێبکاتەوە”.

ناوبراو ئاماژەشی دا: “بە قەڵەم و کاغەز و داتا، زیانی راگرتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەگاتە ١٦ ملیار دۆلار، بۆیە گرنگە بە زوویی پرۆسەی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە”.

ھەواڵی زیاتر