پێگەی کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ بەهێزتر دەبێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کەرتی گەشتوگوزار بە یەکێک لە زیندووترین کەرتەکانی بواری ئابووری هەژمار دەکرێت و خەریکە لە هەرێمی کوردستان پێگەی خۆی زۆر بەهێزتر دەکات. لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی ئەمساڵ تەواوی هوتێل و موتێل و میوانخانەکان پڕ لە میوان بوون و زیاتر لەو ژمارەیەی دەستەی گەشتوگوزار پلانی بۆ دانابوو گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و پێشبینی دەکرێ بگاتە دوو هێندەی ژمارەی گەشتیاران کە لە جەژنی ڕابردوو هاتنە کوردستان.

ئیبراھیم عەبدولمەجید گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ڕای گەیاند سەرووی پێشبینی و پلانی دەستەکە گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو پلانەی دانرابوو، پێشبینی ئەوەیان دەکرد سێسەد ھەزار گەشتیار لە ڕۆژانی پشووی جەژندا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام پێیان وایە زۆر زیاتر لەو ژمارەیە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردبێت.
تەنیا پارێزگای سلێمانی ٥٠%ی پلانەکەی بەدی هێناوە و پێشوازی لە سەدوپەنجا هەزار گەشتیار کردووە، لە پارێزگای هەولێر پێشوازی لە ژمارەی زیاتری گەشتیار کراوە، دهۆک مەڵبەندێکی تری گەشتیارانە و ئەمساڵ هەڵەبجەش پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار کردووە.
لە جەژنی ڕەمەزان دووسەد و سی ھەزار گەشتیار هاتنە ھەرێمی کوردستان و هەرچەندە هێشتا کۆی ئامارەکە ڕانەگەیەنراوە بەڵام چاوەڕوان دەکرێ نزیکەی دوو هێندەی جەژنی پێشتر بێت. گوتەبێژی گەشتوگوزار ڕای گەیاندووە خەریکی کۆکردنەوەی ئاماری فەرمی و گشتیی گەشتیارانن و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەی گەشتیاران ئاشکرا دەکەن.
ئەو ڕوونی کردەوە سەرجەم ھۆتێل و مۆتێل و شوێنی مانەوەی گەشتیاران گیرابوون و ھیچ شوێنێک نەمابوو تا گەشتیار ڕووی لێ نەکەن.
له‌ ساڵی ٢٠٠٧ەوە ئاماری گەشتیاران لە کوردستان ڕادەگەیەنرێت و لەو ساڵەدا سه‌رووی سێسەد و حەفتا و حەوت هه‌زار كه‌س هاتنە کوردستان. ئەگەر ئامارەکانی ئێستا بەو کاتە بەراورد بکەین بۆمان دەردەکەوێت ئاماری گەشتیاران تەنیا لەم جەژنەدا هێندەی ئاماری ساڵەکەیە.
لە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی گەشتیاران گەیشتە سەرووی شەش ملیۆن و ساڵی ڕابردووش گەیشتە نزیکەی حەوت ملیۆن و نیو و چاوەڕێ دەکرێ ئەمساڵیش ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت.
هەرێمی کوردستان تەنیا بە نەوت و گازەکەی دەوڵەمەند نییە بەڵکوو لە زۆربەی کەرتەکان هەرێمێکی دەوڵەمەندە و دەتوانێت بە بووژانەوەیان و گرتنەبەری پلانی پێویست و گونجاو بیانکاتە سەرچاوەی سەرەکیی داهات و بە هۆیانەوە پەرە بە ئابوورییەکەی بدات و تەنانەت لە داهاتوودا سەربەخۆیی ئابووری مسۆگەر بکات.
پرسی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو بایەخە زۆرەی هەیەتی دەکرێ ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات بەڵام لە کوردستان بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە جیۆپۆلیتیکییەی هەیەتی و بەهۆی ئەو دۆخە هەڵواسراوەی لە پێوەندی لەگەڵ بەغدا تووشی بووە، پێویستی بەوە هەیە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی ئابووری هانا بۆ بەهێزکردنی ئەو کەرتانە بەرێت کە پەرەپێدانیان خەرجییەکی کەمتر هەڵدەگرێت.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە تایبەتی لە دوای ٢٠١٤ و ئەو شەڕە ئابوورییەی بەغدا بە هەولێری فرۆشت، هەرێمی کوردستان زیاتر بەو قەناعەتە گەیشتووە کە دەبێ کەرتەکانی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار پەرەیان پێ بدرێت.
یەکێک لەو کەرتانە کە دەکرێ هیوای گەشەسەندنی لەسەر هەڵچنرێت و شان بەشانی کەرتەکانی تر پەرەی پێ بدرێت کەرتی گەشتوگوزارە و کوردستان بەو ژینگە جوانە و بەو سروشتە دڵڕفێنەی هەیەتی دەتوانێت ببێتە مەکۆی کۆکردنەوەی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی و بەهۆیەوە هەزاران هەلی کار بهێنرێتە کایەوە.

ھەواڵی زیاتر