ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەوڵەکان بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بەردەوامە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت، پۆستی پارێزگار بەشێوەی خول دوو ساڵ بە دوو ساڵ لە نێوان کورد و عەرەب ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت. خەڵکی کەرکووک چاوەڕێ دەکەن کوردێک ببێتە پارێزگار، بۆ ئەوەی چی دیکە ستەمیان لێ نەکرێت. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێ: مانەوەی دۆخی ئێستای کەرکووک وەک خۆی تەنیا خزمەت بە پێکھاتەی عەرەب دەکات و لەبەرژەوەندی کورد و تورکمان نییە.

کورد حەوت کورسی و عەرەب شەش کورسی و تورکمان دوو کورسی و یەک کورسیش بۆ کۆتای کریستیانەکان، دابەشبوونی کورسییەکان ھاوکیشەیەکی ھێندە ئاڵۆزە کە ھیچ لایەک بێ ئەوەی دیکە ناتوانێت بڕیاربدات.
ھەڵبژاردنی ٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک نەخشە و خشتەیەکی ئاڵۆزی ھێناوەتە کایەوە، جگە لەوەی ھیچ کام لە پێکھاتەی کورد، عەرەب و تورکمان زۆرینەی کورسییەکانیان بەدەستنەھێناوە، ژمارەی کورسییەکانیان بەشێوەیەکە یارمەتیدەر نییە بۆ ئەوەی بەبێ ئەوانی دیکە بتواندرێت ڕێکارەکانی ئەنجوومەنی نوێ و پارێزگار تەواو بکات.
بەھۆی قۆرخکردنی پۆست و دەستەڵاتەکانی کەرکووک و مانەوەی دۆخەکە بەمشێوەیە زیاتر لە بەرژەوەندی پێکھاتەی عەرەبە و ھەر ئەوانیش بە ھۆکاری دواخستنی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک تۆمەتبار دەکرێن.
سێ جار سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەری پێکھاتەکان کۆبووەتەوە، لەژێر فشاری سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شییاع سودانی دوای پشووی جەژنی قوربان، کە ئەمڕۆ پشووەکە کۆتایی ھاتووە، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکووک ئەنجام دەدرێت، دوای کۆبوونەوەکەش لە ماوەی مانگێکدا پێکھاتەکانی کەرکووک پابەند دەکرێن بەڕێککەوتن، بەھێزترین سیناریۆکانیش پۆستی پارێزگار دووساڵ بەدووساڵ لەنێوان کورد و عەرەب ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتی: بڕیارە بەم زووانە کۆبوونەوەیەک بکرێت و تێیدا شەرعیەت بە ئەندامانی ئەنجوومەن بدرێت، بۆ ئەوەی بتواندرێت بە ئەرکی چاودێریکردنی خۆی ھەڵسێت و دواتر کار لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بکرێت، کە پارتی مکوڕە لەسەر ئەوەی پارێزگارێکی کورد پۆستەکە وەربگرێت.
دەشڵێ: دەبێت ڕێککەوین، چونکە خەڵکی شار زیاتر لەوە چاوەڕوان ناکات، چونکە ماوەی چەندین مانگە خەڵک دەنگی داوە بۆ ئەوەی بەرھەمی دەنگەکەی بچنێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جەختی کردەوە، مانەوەی دۆخی ئێستای کەرکووک وەک خۆی تەنیا خزمەت بە پێکھاتەی عەرەب دەکات و لەبەرژەوەندی کورد و تورکمان نییە.
جەختی لەوەشکردەوە: ئێمە وەکو پارتی، پشکمان لە پۆستە ئیدارییەکان دەبێت و لەسەر ئەوەش مکوڕین پارێزگاری کەرکووک کوردێک بێت و بتوانێت خزمەتی ھەموو کەرکووک بکات و جێگەی ڕەزامەندیی ھەموو لایەنەکان بێت، بۆیە گەشبینین ھەنگاوی کرداری بنرێت بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە ڕێککەوتن و کۆتایی بەو کێشەیە بێت و ئەنجوومەن دەستبەکار بێت و پۆستەکانیش دابەش بکرێن.

ھەواڵی زیاتر