ژمارەی گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژن پێشبینییەکانی تێپــــەڕاند

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پێشخستنی ڕێگاوبانەکان نهێنی زیادبوونی گەشتیارانن
لە وەرزی گەشتیاری و بۆنەکاندا ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان پڕ دەبن لە گەشتیار، ئەوەش لەبەر ئەوەیە دیمەنە جوانەکانی کوردستان بەردەوام سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشت. گەشتیارانیش ھۆکاری ھاتنیان بۆ ئارامی و زۆری ناوچە گەشتیارییەکان دەگەڕێنەوە.

گەشەپێدانی کەتی گەشتیاری
بەگوتەی بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە لەو چەند ڕۆژەدا سەردانی ھەرێمیان کردووە لە سەرووی پێشبینییەکان بووە و ئاماری ھاتنی گەشتیارانیش بۆ ھەرێم دڵخۆشکەرە، بەپێی ھەڵسەنگاندنی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ھەر گەشتیارێک کە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات لە چوار ڕۆژدا نزیکەی دوو سەد دۆلار بۆ دوو سەد و پەنجا دۆلار خەرج دەکات، یەکێک لە ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەشەپێدانی زیاتری کەرتی گەشتیارییە، چونکە لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین ئێدی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان پڕ دەبن لە گەشتیار بەتایبەتی گەشتیاری شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

بەهێزی دەزگا ئەمنییەکان
یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ھاتنی گەشتیار، ئەو ئارامییە کە لە تەواوی ھەرێمی کوردستان ھەیە، ناوچە گەشتیارەکان لە جەژن جمەیان دەھات لە گەشتیاری کورد و عەرەب، پیاو و ئافرەت، گەورە و بچووک ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکان کرد بوو، وەکو گەشتیاران دەڵێن، زۆربەی کاتە خۆشەکانمان لە کوردستان بەڕێ دەکەین، بەڕاستی کوردستان زۆر خۆشە، ناوچەی گەشتیاری جوانی ھەیە، لە ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە گەشتوگوزار دراوە، وەکو ئەوە نییە لە عێراق کە گرنگی بە گەشتوگوزار نادرێت، ھەر ئەوەش وای کردووە کە بەردەوام ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان بکەین.
محەممەد عەبدوڵڵا، گەشتیارێکی ناوەڕاستی عێراقە، گوتی: خەڵکی کوردستان خەڵکێکی باش و بەڕێزن، ئەوە دووەم جارە دێمە کوردستان، زۆری ناوچە گەشتیارییەکان سەرنجی گەشتیارانی ڕاکێشاوە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە بەردەوام من و گەشتیارانی دیکە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەین.
حەیدەر موسا، گەشتیارێکی خوارووی عێراقە، ڕاگەیاند، کوردستان زۆر خۆشە، ڕۆژبەڕۆژ خۆشتر دەبێت، ھەڵوێستی خەڵکی کوردستانیش لەگەڵ ئێمە زۆر باشە و لە ھەموو ڕووێکەوە ھاوکاری ئێمە دەکەن، بەڕاستی دیمەن و شتی زۆر جوانمان بینی، ئەوەش وا دەکات کە زووتر سەردانی کوردستان بکەینەوە.

جموجۆڵی بازاڕ زیادی کردووە
دەڤەری سۆران بووەتە پایتەختی گەشتیاری ھەرێمی کوردستان، بەرپرسانی ئیداریی سنوورەکە ئامانجیانە بە جێبەجێکردنی ماستەرپلانێکی تایبەت لە داھاتوودا کێبڕکێی گەشتیاری وڵاتانی پێشکەوتوو بکەن. فەیسەل سادق، بەڕێوەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: لە ڕۆژانی جەژن بە دەیان ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران کردووە.
دەشڵێ: زۆربەی مۆتێل، ھۆتێل و کەپرە گەشتیارییەکان تەواو پڕ گەشتیار ببوون و شوێن نەما بوو، ھاتنی ئەو ڕێژە زۆرەی گەشتیار گەشەی بازاڕی زیاتر کردووە.
ئاماری گەشتوگوزاری سۆران دەریدەخات لە ‌دەستپێکی ساڵ تا ئێستا سەرووی یەک ملیۆن و نیو گەشتیار و سەردانیکەر ھاتوونەتە ناوچەکە، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، ڕوونیشی کردەوە، لە ژێر ڕۆشنایی و دیدگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی ئێستامان کارکردنە لەسەر پرسی زیاتر ھێشتنەوەی گەشتیار.
زیاتر لە ٩٥٪ـی ئەو گەشتیارانەی ھاتوونەتە دھۆک عێراقین. ئیسماعیل محەممەد، قایمقامی قەزای ناوەندی دھۆک، ڕاگەیاند، سەد و بیست و دوو ھۆتێل و مۆتێل لە دھۆک ھەن، سەرجەمیان بەھۆی پشووەکانی جەژن پڕ ببوون لە گەشتیار.
دەشڵێ: لیژنەکانی قایمقامیەت بەردەوام سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە بۆ ئەوەی ھەر خاوەن شوێنێک شتومەکەکانیان بە گران بفرۆشن و کاڵای کواڵێتی خراپ بدەن بە گەشتیاران سزا بدرێت.

نزیکەی ھەزار گەشتیاری عەرەب لە کاتژمێرێکدا ھاتوونەتە ھەولێر
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ھەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فرەڕەھەند کاری لەسەر کەرتی گەشتیاریی و پێشخستنی کردووە، دەشڵێت، ژینگەیەکی جوانی گەشتیاریی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و وایکردووە گەشتیار سەرنجی بۆ بچێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگ بداتەوە. دلێر محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ھەولێر، گوتی: لە ڕۆژانی جەژن نزیکەی ھەزار گەشتیاری عەرەب لە کاتژمێرێکدا ھاتوونەتە ھەولێر و لە لایەن تیمەکانیان و تیمەکانی بازگەکان پێشوازییان لێ کراوە.
دلێر محەممەد، ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فرەڕەھەند کاری لەسەر کەرتی گەشتیاریی و پێشخستنی کردووە، بۆ نموونە پێشخستنی ڕێگەوبانەکان وایکردووە گەشتیار بە ئارامی و سەلامەتییەوە گەشت بکات.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ھەولێر گوتیشی، ھێزە ئەمنییەکان ڕۆڵی کاریگەرییان ھەیە لە دابینکردنی ئاسایش ئەمەش وایکردووە گەشتیاران بەوپەڕی دڵنیاییەوە گەشتەکانیان بۆ ھەرێمی کوردستان بکەن.

ژمارەی گەشتیاران پێشبینییەکانی تێپەڕاند
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، ئاشکرای دەکات، بەپێی ئەو پلانەی دانرابوو، پێشبینی ئەوەمان دەکرد سێ سەد ھەزار گەشتیار لە ڕۆژانی پشووی جەژندا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام پێشبینی دەکەین زۆر زیاتر لەو ژمارەیە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردبێت.
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، جەختی لەوەشکردەوە: جەژنی ڕەمەزان دوو سەد و سی ھەزار گەشتیار ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان و جەژنی قوربان بەراورد ناکرێت لەگەڵ جەژنی ڕابردووی ڕەمەزان، بە درێژایی ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان، ھەموو ھۆتێل و مۆتێل و شوێنی مانەوەی گەشتیاران گیرابوون و ھیچ شوێنێک نەمابوو تا گەشتیار ڕووی لێ نەکەن.

ھەواڵی زیاتر