بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە خەڵکێک کردبوو ئەگەر پارەی پێ نەدەن

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران بڵاوی کردەوە،  بەشی ئاسایشی خەلیفان کەسێکیان بەناوی ( ج.ع.ڕ ) بەتۆمەتی هەڕەشەکردن و ناو زڕاندن و داواکردنی پارە لە چەندین خەڵک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەبەرامبەر بڵاونەکردنەوە و سڕینەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتەکانیان، هەروەها وەرگرتنی چەندین کارتی کۆڕەک و ئاسیا لە خەڵکە هەڕەشەلێکراوەکان دەستگیر کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران ئاشکرای کردووە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێت، کەلە ڕێگەی (11) جیمەیل و (6) تویتەر و (4) سناپ و (3) تیلیگرام و (4) ئینستاگرام و (3) فەیسبووک و چەندین ئەکاونتی تیکتۆکەوە ئەو کارانەی ئەنجامداوە، هاوکات لەو تاوانەدا چەندین کەس لە دەرەوەی ووڵات هاوکاریی تۆمەتبار بوونە، لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی ( 2 ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن )ڕاگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

ئاسایشی سۆران ئاشکرای دەکات، لەشەش مانگی ڕابردوودا پێنج کەس لەسەر هەمان بابەت دەستگیرکراون، بۆیە داوای لە هاووڵاتییان کرد خەڵک لەئەگەری هەبوونی هەر هەڕەشەیەکی تاوانە ئەلیکتڕۆنیەکان، پەیوەندییان پێوە بکەن بۆ ئەوەی تۆمەتباران بدۆزنەوە و دادگاییان بکەن.