پارێزگاری هەولێر دوو خزمەتگوزاریی نوێ و خێرا ڕادەگەیەنێت

پارێزگاری هەولێر دوو خزمەتگوزاری خێرایی بۆ داواکاری و سکاڵای هاووڵاتیان ڕاگەیاند و گوتی: ئەمە دیدگەی سەرۆکی حکوومەتە لە پێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕێزگرتن لە هاووڵاتی و بەڕێوەچوونی کاروبارەکان بەشێوەیەکی دروست.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ، پێنجشەممە، لە سنووری پارێزگای هەولێر دوو خزمەتگوزاری خێرا لە پێناو ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان ڕادەگەیێنین. هەروەها کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دیدگەی سەرۆکی حکوومەت، لە پێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕێزگرتن لە هاووڵاتی و بەڕێوەچوونی کاروبارەکان بەشێوەیەکی دروست و خێرا و وەڵامدانەوەی گەرمی هاووڵاتیان، کە ڕۆژانە ڕوو لە فەرمانگەکانی حکوومەت دەکەن.

گوتیشی: هەمیشە سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، ڕێنوێنی و فەرمان بەسەر دامودەزگاکانی حکوومەت دەکات، هەرچی هەنگاو هەیە لە پێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین بگرنە بەر، لەوبارەوە هەوڵ دەدەین هیچ بەربەستێک لە نێوان هاووڵاتی و فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکوومەت نەمینێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەین، دوو پرۆگرام ڕادەگەیێنین کە ڕێگایەکی خێرا دەبێت لەوەی کە هاووڵاتی سکاڵا یان داواکاریەکانی بگەیێنێت، دەشڵێت: یەک لەوانە خزمەتگوزاری هێڵی پەیوەندییە، کە ئەو هێڵە پەیوەندییە ماوەی چەند مانگێکە لەناو دیوانی پارێزگا ژوورێکی بۆ دابین کراوە، هێڵەکە لەیەک کاتدا دەتوانێت چەندین پەیوەندی وەربگرێت. هەروەها ژمارەیەک کارمەندی ڕاهێنراوی بۆ دابین کراوە، کە لەکاتی دەوامی فەرمی هەر هاووڵاتییەک هەر داواکارییەک یان سکاڵایەکی هەبێت دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە بیگەیەنێت و بەزووترین کات داواکرییەکەی جێ بەجێ دەکرێت.

ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کرد، هێڵە پەیوەندییەکە (07506000707) کە هەموو هاوڵاتیانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە لەدامەزراوەکان کارێک یان سکاڵایەک یان گلەیی و پێداویستییەکیان دەبێت پەیوەندی بەو هێڵەوە دەکەن. کە لەکاتی دەوامی فەرمی هێڵێکی گەرم دەبێت. هەوڵیش دەدەین لە داهاتوو ببێتە 24 کاتژمێری.

ڕاشیگەیاند، خزمەتگوزاری دووەمیان بریتییە لە خزمەتگوزاری “ئی سێرڤس” کە لە ڕێگەی ماڵپەڕی پارێزگای هەولێرەوە، هاووڵاتیان دەتوانن سکاڵا و داواکاری و مامەڵەکانیان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە پێشکەش بکەن و هەر بە ئۆنلاینیش وەڵام دەدرێنەوە، کە ناونیشانەکەی “Hawler.gov.org” لەوێ دەچێتە بەشی ئی سێرڤس سکاڵا و داواکاریەکانی پێشکەش دەکات و لەماوەیەکی کورتدا وەڵام دەدرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر