عەلوەی ئاکرێ دەبێتە سەنتەرێکی بازرگانی و خزمەتێکی گەورەی جووتیارانی کوردستان دەکات

دروستکردنی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ بە دەستپێکی شۆڕشێکی نوێی سەردەمیانەی بە بازاڕکردن و بە کۆگاکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان لە ھەرێمی کوردستان دادەنرێت، لەگەڵ تەواوبوونی دەبێتە سەنتەرێکی بازرگانی و خزمەتێکی گەورەی جووتیارانی کوردستان دەکات.

پێشتر جووتیاران نائومێد ببوون بەھۆی ئەوەی لە بازاڕدا، بەرھەمەکانیان پارەی نەدەکرد، ھاوکات ئەمەش ھۆکار بوو بۆ کەمبوونی بەرھەم، ئەوەی ھەش بوو، بەشی پێداویستی ناوخۆیی نەدەکرد و کێبڕکێی بەرھەمی ھاوردەکراویش وای کردبوو، بەرھەمی خۆماڵی خواستی کەمتر لەسەر بێت. بۆیە جووتیاران ناڕازی بوون و بەرھەمەکانیان لەسەر شەقامەکان فڕێ دەدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی خەمی جووتیارانی ھەڵگرت و ھانیدان بۆ بەردەوام بوون، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پشتیوانی لێکردن و کارئاسانی بۆ کردن، ھەر بەوەش نەوەستا، بازاڕی لە دەرەوە بۆ بەرھەمەکانیان دۆزیەوە، ھەنار، سێو پەتاتە، ھەنگوین و چەندین بەرھەمی دیکەی کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان ئێستا لە بازاڕەکانی جیھان خواستیان لەسەرە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ جووتیاران بوو، گوێی لێگرتن و سەردانی کردن، لە دابینکردنی ئاو بۆ چاندن تاوەکو دوورینەوەی بەرھەم، ئێستا کشتوکاڵ بەشێکە لە ھێزی ئابووریی کوردستان و بەشێکی سەرەکییە لە پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ فرەچەشن کردنی داھات، ئەمە بەڵێنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بوو بۆ جووتیارانی ھەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە قەزای بەردەڕەش، کێڵگەیەکی بەرھەمھێنانی پەتاتەی بەسەر کردەوە و چاوی بە ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە کەوت، دەستخۆشی لێکردن و خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی بەرھەمی ناوخۆیی دەربڕی و جەختی کردەوە کە بە ھەموو شێوەیەک، پشتیوانیی لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکات و حکوومەتی ھەرێم، لە کارکردن بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ بەردەوام دەبێت.
ھاوکات جووتیارانی دەڤەرەکە، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، چەندین پێشنیاز و تێبینیان بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و چارەسەرکردنی کێشەکانیان خستەڕوو و سەرۆکوەزیرانیش، پێشکەشکردنی ھەموو کارئاسانی و پشتیوانییەکی بۆ جووتیاران دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی ئاکرێ بەردی بناغەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ دانا و گوتی: شۆڕشێکمان لە چاکسازیی کشتوکاڵی دەست پێکردووە و زۆر ھەنگاوی دیکە ماوە بۆ زیاتر بەھێزکردنی کەرتی کشتوکاڵ و پشتیوانی کردن لە جووتیاران و بەرھەمی خۆماڵی.
پڕۆژەی سەنتەری بازرگانی و عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ لەژێر ناونیشانی “ئامانجمان بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵە لە ھەرێمی کوردستان” لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک مۆڵەتی وەرگرتووە و لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ دووەم گەورەترین عەلوەیە لە ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە گوژمەی بیست و دوو ملیۆن دۆلار لەسەر ڕووبەری دوو سەد و چل و پێنج ھەزار مەتری دووجا دروست دەکرێت و دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکی دھۆک – ئاکرێ.
دروستکردنی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ بە دەستپێکی شۆڕشێکی نوێی سەردەمیانەی بە بازاڕکردن و بە کۆگاکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان لە ھەرێمی کوردستان دادەنرێت، چەندین کۆگای گەورە، ساردکەرەوە، گۆڕەپانی سەوزە و میوە لەگەڵ کۆگای ئالیک لە خۆ دەگرێت، لە بەشی ساردخانەکاندا بەرھەمە کشتوکاڵییەکان دەتوانرێت بۆ ماوەیەکی درێژ کۆگا بکرێن، ھەروەھا لە ڕێگەی بنکەی فرۆشتنی ڕاستەوخۆوە، جووتیاران و بازرگانانی کەرتی کشتوکاڵ دەتوانن بە ئاسانی بەروبوومەکانیان بە بازاڕ بکەن.
لە عەلوە ھاوچەرخەکەدا گرنگی دراوە بە کەرتی خزمەتگوزاری گشتی وەک بنکەی تەندروستی، بنکەی ئاگر کوژێنەوە، بنکەی پۆلیس، وێستگەی سووتەمەنی، گۆرەپانی وەستانی ئۆتۆمبێل، ناوچەی سەوزایی کە بە شێوازێکی سەردەمیانە بنیاد دەنرێت.
عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ دەبێتە سەنتەرێکی بازرگانی، بەرھەمی جووتیارانی ئاکرێ و ناوچەکانی دیکەی کوردستان لێرە ساغ دەکرێتەوە، ئەو پڕۆژەیە بڕیارە لە ماوەی سێ ساڵدا بە کۆتا بێت، بەڵام وەکو ئەو لایەنەی پێ ھەستاوە دەڵێ، ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی زووتر لەو ماوەیە تەواو بکەین و بخەینە خزمەت جووتیارانی ناوچەکە و کوردستان.
لەگەڵ تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە چی دیکە جووتیاران ناچار نابن بەرھەمەکانی خۆیان بۆ عەلوەکانی دیکە بگوازنەوە، بەڵکو ھەر لە ئاکرێ بەرھەمەکانی خۆیان ساغ دەکەنەوە.

ھەواڵی زیاتر