چلەی ماتەمینی ڕاگەیاندنکار (کامەران خەفاف) بەڕێوەچوو

دوێنێ، بەئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی، سەربازی، حکوومی، میدیاکار و خانەوادەی خوالێخۆشبوو، لە هۆڵی ڕاگەیاندنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک چلەی ماتەمینی ڕاگەیاندنکار (کامەران خەفاف) بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد و پاشان 40 مۆمی وەفا بۆ چلەی ماتەمینی ڕاگەیاندکار (کامەران خەفاف) داگیرسێندرا.
د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لە گوتارێکدا بەناوی بەش و مەکتەبی ڕێکخستنی پێشمەرگە بەخێرهاتنی میوانانی کرد و گوتی: ئەمڕۆ لەم یادەدا باسی کەسایەتیەک دەکەین کە ئێمە تایتڵی دەنگێکی دلێرمان بۆی هەڵبژاردووە، دەمەوێ لە وەسف و بێدەنگی کاک کامەران و دەنگی دلێردا باسی ئەوە بکەم لە کۆمەڵگەی ئێمەدا خەڵکێکی زۆر خزمەت دەکەن، کاردەکەن بەڵام زۆر بێدەنگن زۆر بە هێمنی ژیانیان پێشکەشی کوردستان و نیشتمان و پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە.
هەڤاڵی کۆچکردوومان کاک کامەران خەفاف ئەگەر وێستگەکانی ژیانی بخوێنینەوە هەر لە پێشمەرگایەتی کە دەستی پێ کرد دواتر،کە بۆتە کادیر و پاشتر هاتۆتە ناو ڕاگەیاندنەوە دواتریش کەناڵ و کاری میدیایی کردووە تا دوا وێستگەی کاری تێدا کردووە لە مەکتەبی ڕێکخستنی پێشمەرگە لە ڕووە سیاسیی و کلتووریی و میدیایی و تەنانەت لە ڕووە کۆمەڵایەتییەکەی پێمان دەڵێت: کە ئەم پیاوە پیاوێکی ئارام، سەنگین، بەخەم و دڵسۆز و کۆکەرەوەی ئەم بوارانە بووە کە کاری تێدا کردووە.
دواتر لە درێژەی مەراسیمەکەدا فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەبارەی ژیانی ڕاگەیاندنکار (کامەران خەفاف) لەسەر ڕوونما نمایشکرا.
تابلۆی میوزیک بەشێکی دیکەی مەراسیمەکە بوو کە لەلایەن میوزیکژەنان هێژا سەڵاح و دانەر هۆگر پێشکەشکران و پاشان جەمال مۆردینی پارچە شیعرێکی پێشکەشکرد.
پاشان خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی پ.د.ک و سەعید سەلیم بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پێشمەرگە چەپکە گوڵ پێشکەشی ماڵباتی ڕاگەیاندنکار (کامەران خەفاف)کران.
لەکۆتایی مەراسیمەکە گوتاری ماڵباتی خوالیخۆشبوو لەلایەن (کۆسار کامەران خەفاف) پێشکەشکرا و لە گوتارەکەیدا سوپاسی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوخەمییان لەکاتی کۆچی دوایی (کامەران خەفاف) هەروەها سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و مەکتەبی ڕێکخستنی پێشمەرگەی کرد بۆ ڕێکخستنی مەراسیمەکە و دووپاتی کردەوە ڕێچکەی باوکیان بەرنادەن بۆ خزمەتکردن بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر به‌رده‌وام ده‌بن.