د.شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: هەوڵێکی جیددی هەیە بۆ دانانی پارێزگاری کەرکووک

د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، باس لەوە دەکات هەنگاوێکی ڕژد هەیە، بۆ دیاری کردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک، لە دەرفەتێکی نزیکدا لە دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا.

دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەراورد بە پاریزگاکانی دیکەی عێراق زۆر دواکەوتووە و وا چاوەڕوان دەکرێت دوای جەژنی قوربان، یەکەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی کەرکووک بەڕێوە بچێت.
بەڵام پێ ناچێت دانیشتنەکە بە شێوەیەکی ئامادەساز بکرێت و لایەنەکان ڕێککەوتنیان هەبێت بۆ دانانی پارێزگار و پڕ کردنەوەی پۆستە ئیدارییەکانی ئەو شارە، حەسەب مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکووک، لە لێدوانیدا بۆ هەولێر، دەڵێت: شاری کەرکووک لەگەڵ شارەکانی دیکە جیاوازە، شاری کەرکووک شارێکی فڕە ڕەنگ و فڕە مەزھەب و نەتەوەیە، بۆیە پێکھێنانی ئیدارەی شارەکە لەم حاڵەتەدا تۆزێک قورسە، دووەم ئەنجامی ھەڵبژاردن، بەھۆی نزیکی دەنگ و کورسییەکان لە یەکدی وای کردووە کە ھیچ نەتەوەیەک بە تەنیا نەتوانێت حکوومەتی خۆجێی شارەکە دروست بکات، ئەوەی دیکە لە یەکێک لە خاڵەکانی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک ئاماژە بەوە کراوە دەبێت بە تەوافوق بێت، دەبێت ڕێککەوتن لە نێوان ھەموو پێکھاتە براوەکانی شارەکە بکرێت، ھۆکارێکی دیکە دانەبەزینی بەرزی ئاستی سەقفی داواکاری تەواوی نەتەوەکان و ھەر یەکە لە لایەنەکان تەنازول بۆ ئەوەی دیکە ناکات و لە داواکارییەکانی خۆی نایەتە خوارەوە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕاستە پێویستە ئێمە زیاتر لە بەغدا بین، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە دەستبەرداری ئەو گلەیی و گازەندانەی هاووڵاتییانی کەرکووک و فەرمانگەکانی کەرکووک بین.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانی فەرمانگەکان، ڕایگەیاند؛ ” کۆمەڵێک فەرمانگەمان بەسەرکردەوە، لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ، تەندروستی و کارەبا، ئەوانەی کە کاریان لەگەڵ هاووڵاتییان هەیە لە شارەوانیەوە بەسەر دەکەینەوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بزانین هاووڵاتییان مامەڵەکانیان چۆن ڕایی دەکرێت و کێشە و گیروگرفتەکانیان چییە؟”.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان وتی: “سەبارەت بە فەرمانگەکانی کەرکووکیش، ئەو کێشانەی کە هەیە و دێتە پێشەوە چییە، بۆیان چارە دەکەین، لە ماوەکانی ڕابردوو کۆمەڵێک کێشە هەبوو، بەتایبەت ماتۆڕسوارەکان کە کێشەی ئەوەیان هەبوو ماتۆڕەکانیان بۆ تۆمار ناکرێت، ماوەیەکمان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا دیاری کرد بۆیان، لە ڕابردووشدا کێشەی ئینتەرنێتیان هەبوو بۆیانمان چارە کردووە، ئێستەش هەر کێشەیەکیان هەبێت بۆیان چارە دەکەین”.
شاخەوان عەبدوڵلا ڕاشیگەیاند، “هەنگاوێکی ڕژد هەیە، بۆ دیاری کردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک، لە دەرفەتێکی نزیکدا لە دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارێزگارێک دیاری بکرێت کە گوزارشت لەسەرجەم پێکهاتەکان بکات. پۆستەکانی دیکەش هەنگاو بە هەنگاو لەماوەی دوو سێ مانگدا سەرجەم پۆستەکانی کەرکووک دابەش بکرێت”.

ھەواڵی زیاتر