ڕاگیرانی نەوتی هەرێم بازاڕی وزەی جیهانی ناهاوسەنگ کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نۆی ئەم مانگە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی نێوان شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کرا. وەزیری نەوتی عێراق، دەڵێت: بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆیەکانیان ھەیە و پێشبینیش دەکەن لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بگەنە ڕێککەوتن، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێم و ئەپیکۆر ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت دووپاتکردووەتەوە. گوتەبێژی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، بەھۆی وەستانی ئەو ھەناردەکردنە، عێراق حەڤدە ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.

لە ڕۆژانی داھاتوودا لەگەڵ شاندی حکوومەتی ھەرێم دەگەینە ڕێککەوتن
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، پێویستە ڕۆژانە سێ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکرێت بۆ پڕکردنەوەی پارەی بودجە کە بۆ ٢٠٢٤ دەگاتە دوو سەد و یازدە ترلیۆن دینار. کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، ئامانج لێی دانانی میکانیزمی چارەسەر بوو بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، لەڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق- تورکیا. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە بە گەشبینییەوە باسی لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە کرد و ئاشکرای کرد، بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆیەکان ھەیە و پێشبینی دەکەن لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بگەنە ڕێککەوتن، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان گەشبینن بەزووترین کات بگەنە ڕێککەوتن و ھەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە، چونکە ڕاگیرانی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان زیانی بۆ ھەمووان ھەیە، لە کاتێکدا ڕاگیرانی چوار سەد و پەنجا ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ٠.٥% نەوتی جیھان پێکدێنێت.

ڕاگیرانی نەوتی ھەرێمی کوردستان بازاڕی وزەی جیهانی ناھاوسەنگ کردووە
ڕۆژی ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا، بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس ڕاگیرا. ڕۆژی ٤-٤-٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕێککەوتنێک ئیمزاکرا کە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستی پێنەکردووەتەوە، ئەم ڕاگیرانەش زیانی بۆ ھەمووان ھەبووە، بەجۆرێک تا ئێستا زیاتر لە حەڤدە ملیار دۆلار زیان بە داھاتی عێراق و ھەرێمی کوردستان گەیشتووە، بەھۆی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنی ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق- تورکیا، عێراق ڕۆژانە ھەشت سەد ھەزار دۆلار سزا دەدرێت، زیاتر لە چوار سەد ملیۆن دۆلار وەبەرھێنانی کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر ڕاوەستاوە، ٦٠%ی داھاتی ساڵانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کەمی کردووە، ئابووری ھەرێمی کوردستانیش خنکێنراوە، ڕاگیرانی چوار سەد و پەنجا ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی ھەرێمی کوردستان بازاڕی وزەی جیھانی ناھاوسەنگ کردووە، لەلایەکی دیکەشەوە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان کارمەندەکانی خۆیان کەمکردوونەتەوە بەوەش ھەڵی کار کەم بووەتەوە.

کۆمپانیاکان ڕێککەوتنێک ناکەن کە حکوومەتی ھەرێم تێدا نەبێت
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان “ئەپیکور”، دەڵێت: ڕۆژی یەک شەممەی ڕابردوو لە بەغدا کۆبوونەوەیەکیان ھەبووە، لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین بابەتیان باسکردووە کە نوێنەرانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و وەزیری سامانە سروشتییەکانیش تێیدا ئامادەبوون، حکوومەتی عێراق تێبینی لەسەر گرێبەستی کۆمپانیاکانی نەوت ھەیە و داوای ھەموارکردنەوەیان دەکات. گوتیشی، ھەر گۆڕانکارییەک لە گرێبەستەکان بکرێت، دەبێت حکوومەتی ھەرێم پێی ڕازی بێت، چونکە گرێبەستەکانی ئێستا لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە کۆمپانیاکان ڕێککەوتنێک ناکەن کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی تێدا نەبێت.

عێراق حەڤدە ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە
گوتەبێژی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان “ئەپیکور”ئاشکرای کرد: بەھۆی وەستانی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان، عێراق حەڤدە ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، زیان بەر کۆمپانیاکانی نەوتیش کەوتووە، ئەوەش دۆخێکی باش نییە کە تێی کەوتووین، ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد وەزیری نەوتی عێراق بەشداریی گفتوگۆکان بکات بۆ ئەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێ بکاتەوە، ھەناردەکردنەوەی نەوت وەبەرھێنانێکی زۆر جیددییە، پێویستە گفتوگۆکان پلانی ھەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، تا ئێستا ھیچ چارەیەک نییە، دەمانەوێت لە کۆبوونەوەکانی داھاتوودا گفتوگۆی جیددیی لەو بارەوە بکرێت.
ڕێککەوتن کراوە، تەنیا ماوە نەوت ھەناردە بکرێتەوە
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ڕاگەیاند، ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان وەک ڕێوشوێنێکی بەپەلە دەبینن بۆ فرەچەشنکردنی ڕێگاکانی ھەناردەی نەوت، دانوستاندن لەگەڵ لایەنی تورکی ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەڕێگەی ئەو بۆرییەوە، کە مەبەست لێی نەوتی ھەرێمی کوردستانە.
وەزیری نەوت، گوتیشی: ڕێککەوتن ھەیە لەگەڵ برایانی ھەولێر کە نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە بە بازاڕ بکرێت، نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و گرێبەست ئیمزا بکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیانەی نەوتەکە دەکڕن، داھاتەکەشی لە ھەژمارێک لە بانکی ناوەندی دادەنرێت، ڕێککەوتنە کراوە و ئامادەیە بۆ جێبەجێکردن، تەنیا ماوە نەوت ھەناردە بکرێتەوە.

ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لە بەرژەوەندی عێراقە
د. سەباح حەیدەر، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕوونیکردەوە: ھیچ ڕێگرییەک لەبەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە نەماوە، تەنیا لەسەر کات ماوە، ھەناردەکردنەوەی نەوت نەک تەنیا لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە، بەڵکو لە بەرژەوەندی عێراق و ھەتا وڵاتانی دەوروبەریشە، ئەو کۆبوونەوانەی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی بواری نەوت دەکرێن شتێکی باشە و ئەوە دەردەخات کە نیازێکی باش ھەیە بۆ ئەوەی ئەو مەلەفە چارە بکرێت، دوای ئەوەی کە ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ھاتە عێراق، سەردانی بەغدا و ھەولێری کرد، ئەو مەلەفە کرانەوەیەکی دیکەی بەخۆیەوە بینی، لە ئایندەدا ئەو مەلەفە چارە دەکرێت و نەوتی کوردستان ھەناردە دەکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر