نەبوونی کارەبای نیشتیمانیی بیرەکان هۆکاری سەرەکی کەمئاوییە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەبارەی گرفتی ئەمئاویی چەند گەڕەکێکی شاری هەولێرەوە، ڕایگەیاند : %90ی گرفتی ئاوی گەڕەکەکانی سەنتەری شاری هەولێر، بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانییە.

پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی : سێ ساڵە چاوەڕوانین وەزارەتی کارەبا، کارەبای نیشتمانی بۆ بیرەکانی ئاو دابین بکات، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا هیچ کارەبایەکی دابین نەکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو؛ هەر بۆ ئیدارەدانی قەیرانی کەمئاوی لە هەولێر لە دوو ساڵی ڕابردوو تاوەکوو ئێستاش دابینکردنی کارەبای بیرەکان لە ڕێگەی مووەلیدەی گەڕەکەکانەوە بەردەوامە، ئەمەش کارەبایەکی زۆری پێویستە، هەربۆیە ئەم شێوازە پچڕ پچڕەی کارەبا وایکردووە تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو کاتێکی زۆریان بوێت بۆ ئەوەی پڕ ببن و ئاو بگاتە تەواوی شوێنەکان.
باسی لە پلانەکانی حکوومەت کرد و ڕایگەیاند: پرۆسەی لێدانەوەی بیری نوێ لە جێگە بیرە وشکبووەکان دەستی پێ کردووە و جگە لەمەش، پلانێکی دیکەی حکوومەت بۆ چارەکردنی کێشەی کەم ئاوی سوود وەرگرتنە لە ئاوی سەر زەویی بۆ ئەمەش هەوڵێک هەیە بەم نزیکانە لوولەی زیاتر گەیاندنی ئاو بۆ ناوەندی هەولێر زیاد بکرێن.
وتیشی : لە دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 270 بیر بە مووەلیدەی گەڕەکەکانەوە بەستراوەتەوە و بۆ ئەمساڵی سەروی 300 بیر لە پلاندایە لە ڕێگەی مووەلیدەی گەڕەکەکانەوە کارەبایان بۆ دابین بکرێت.

ھەواڵی زیاتر