دوای جەژن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە

ڕێککەوتن کراوە، دوای جەژنی قوربان یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕاگەیاند، دانوستان لەبارەی پرسی پارێزگاری کەرکووک بەردەوامە، ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەی کە بڕیارە پاش جەژن بکرێت ھەنگاوی یەکەمە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک کە تاوەکو ئێستا پێکھاتەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. دەشڵێ، مانەوەی دۆخی ئێستای کەرکووک وەک خۆی تەنیا خزمەت بە پێکھاتەی عەرەب دەکات و لە بەرژەوەندی کورد نییە، بەڵام ئەگەر پارێزگار کورد بێت دەتوانێت تەواوی کێشەکان چارە بکات و خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات.

یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا
بەگوێرەی یاسای پارێزگاکان، کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەن بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەی دەبێت و لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ٣٠ی ئایار محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەری پێکھاتەکانی کەرکووک کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی شارەکە.
لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا یەکێتی پێنج کورسیی بەدەستھێنا، ھاوپەیمانیی عەرەبی سێ کورسیی بەدەستھێنا، ھەریەک لە پارتی، بەرەی تورکمانی، ھاوپەیمانیی قیادە ھەریەکەو دوو کورسییان بەدەستھێنا، ھاوپەیمانیی عرووبە یەک کورسی و بابلیون کورسیی کۆتایی ئەنجوومەنەکەی بردەوە.
بەھۆی قۆرخکردنی پۆست و دەستەڵاتەکانی کەرکووک و مانەوەی دۆخەکە بەمشێوەیە لە بەرژەوەندی پێکهاتەیەکی ئەو شارەیە و ھەر ئەوانیش بە ھۆکاری دواخستنی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک تۆمەتبار دەکرێن.
نەبوونی دەستەڵاتی چاودێری بەسەر ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک، گەندەڵی لە پڕۆژەکان و خەرجکردن و بەھەدەردانی پارەی بەرھەمھێناوە، جگەلەوەش دامەزراندن و دابەشکردنی زەوی و دەیان بابەتی دیکە لە بەرژەوەندی و بە دڵی پێکھاتەیەکی دیاریکراوە.
پێکهاتەکانی کەرکووک و داواکارییەکانیان
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: شاری کەرکووک لەگەڵ شارەکانی دیکە جیاوازە، شاری کەرکووک شارێکی فڕە ڕەنگ و فڕە مەزھەب و نەتەوەیە، بۆیە پێکھێنانی ئیدارەی شارەکە لەم حاڵەتەدا تۆزێک قورسە، دووەم ئەنجامی ھەڵبژاردن، بەھۆی نزیکی دەنگ و کورسییەکان لە یەکدی وای کردووە کە ھیچ نەتەوەیەک بە تەنیا نەتوانێت حکوومەتی خۆجێی شارەکە دروست بکات، ئەوەی دیکە لە یەکێک لە خاڵەکانی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک ئاماژە بەوە کراوە دەبێت بە تەوافوق بێت، دەبێت ڕێککەوتن لە نێوان ھەموو پێکھاتە براوەکانی شارەکە بکرێت، ھۆکارێکی دیکە دانەبەزینی بەرزی ئاستی سەقفی داواکاری تەواوی نەتەوەکان و ھەر یەکە لە لایەنەکان تەنازول بۆ ئەوەی دیکە ناکات و لە داواکارییەکانی خۆی نایەتە خوارەوە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک، خاڵێکی دیکە نەبوونی متمانە لە نێوان لایەنەکان، بۆیە ئەمانە کۆمەڵێک ھۆکارن کە تا ئێستا پۆستەکانی کەرکووک یەکلا نەکراونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ھیوایەک ھەیە دوای جەژن ھەموو لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن و بەربەستەکان لاببڕێن و حکوومەتی خۆجێی کەرکووک پێکبھێنرێت.

پارێزگاری کەرکووک مافی کوردە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: ھیوادارین دوای جەژنی قوربان یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت، ئەو کۆبوونەوەیە گرنگ دەبێت و سەرەتایی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی و ھەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک دەبێت، دواتر پۆستەکانی دیکە، کە پۆستی پارێزگار گرێکوێرەیە، ئەگەر ئەو پۆستە یەکلاکرایەوە، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەی و پۆستەکانی دیکە بە ئاسانی یەکلا دەکرێنەوە.
لەبارەی مەرجی پارتی بۆ دانانی پارێزگاری داھاتووی کەرکووک، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکرای کرد: پارێزگار وەکو ئیستحقاقی ھەڵبژاردن مافی کوردە، چونکە کورد زۆرینەی دەنگەکانی لەم شارەی ھێناوە، ئێمە وەکو پارتی دەمانەوێت پارێزگاری داھاتووی کەرکووک کورد بێت، بەڵام کوردێکی بێلایەن بێت، یان لایەنی کەم ھەموو لایەنەکان پێی ڕازی بن، کوردێک خاوەن ئەزموون بێت بتوانێت خزمەت بە تەواوی ھەموو نەتەوەکانی ئەو شارە بە کورد، عەرەب و تورکمانەوە بکات، ئەوە بۆچوونی ئێمەیە لەبارەی دانانی پارێزگارەوە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جەختی لەوەشکردەوە: پارێزگار ئەگەر کورد بێت دەتوانێت تەواوی کێشەکان چارە بکات، بەتایبەتی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ناھاوسەنگییەکی زۆر لە نێوان کارەکان ھەیە، ئەو ناھاوسەنگییەش وای کردووە کە کورد بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا پشتگوێ بخرێت و ئێستحقاقی خۆی پێ نەدرێت، بۆ گەڕانەوەی ھاوسەنگی لە شار داوا دەکەین پارێزگارێکی کورد بەو مانایە نەک تەنیا خزمەت بە نەتەوەی کورد بکات، بەڵکو کوردێک بێت بتوانێت خزمەت بە ھەموو نەتەوەکانی دیکە بکات و یەکسانی بۆ شارەکە بگەڕێنێتەوە و ئیش و کارەکان و دابەشکردنی پلە و پۆست و دامەزراندن ھەموو بە ھاوسەنگی بێت.

ھەواڵی زیاتر