لەڕووی قه‌باره‌ و كوالێتی به‌رهه‌م و پڕۆژه كشتوكاڵیەکانەوە کوردستان قۆناغێكی باشی بڕیوه

چواس خالید – هەولێر

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی “عه‌لوه‌ی هاوچه‌رخی ئاكرێ”ی دانا، كه‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین بازاڕی هاوچه‌رخی سه‌وزه‌ و میوه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كورستان و له‌ سه‌ر ڕووبه‌رێكی فراوان به‌ تێچووی بیست و دوو ملیۆن دۆلار بنیات ده‌نرێت.

دوێنی، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌ی بناغه‌ی عه‌لوه‌ی هاوچه‌رخی ئاكرێی دانا، سه‌رۆكوه‌زیران له‌ په‌یامه‌كه‌یدا گوتی، “زۆر دڵگران بووم كه‌ بینیم جوتیاره‌كان له‌ كاتێكدا ناتوانن به‌رهه‌مه‌كانیان بفرۆشن، دێن و ته‌له‌فی ده‌كه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌ر زوو هه‌ستمان به‌وه‌ كرد كه‌ خوا سه‌روه‌تێكی زۆری به‌ ئێمه‌ داوه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ وه‌كو پێویست سودی لێ وه‌رنه‌گیراوه‌، ئه‌ویش بابه‌تی كشتوكاڵه‌، بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زۆر جه‌ختم له‌وه‌ كرده‌وه‌، ده‌بێت وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتی كشتوكاڵدا بكه‌ین، یارمه‌تی جوتیاره‌كانمان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌م سامانه‌ نیشتمانییه‌ به‌ ئاستێك بگه‌یه‌نن كه‌ ببێته‌ خێر و به‌ره‌كه‌ت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات و زیادكردنی داهاتی هه‌رێمی كوردستان”.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، كشتوكاڵ بنه‌مای دروستكردنی ئابوورییه‌كای به‌هێزه‌، بۆیه‌ جه‌ختی زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ سه‌رماییه‌كی له‌ بننه‌هاتووه‌ و هه‌موو ساڵێك ده‌توانیت نوێی بكه‌یته‌وه‌ و په‌ری زیادتری پێ بده‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌یه‌نیته‌ ئاستێك پێداویستی ناوخۆ دابین بكات و هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌شی بكه‌ین، كه‌ ئه‌وه‌ ئابووری هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی باشتر و خێراتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات.
هه‌ر له‌ مه‌ڕاسیمی دانانی به‌ردی بناغه‌ی عه‌له‌وه‌ی هاوچه‌رخی ئاكرێ، عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆك گوتی، “ئه‌گه‌ر سه‌یری سێ ساڵ به‌ر له‌ ئه‌ستا بكه‌ین و باسی پڕۆژه‌كان بكه‌ین، ده‌رده‌كه‌وێت به‌ هه‌وڵ و كۆشش و پاڵپشتی و ڕێنماییه‌كانی ڕاسته‌وخۆی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورت ژماره‌ی به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆژه‌كانی كشتوكاڵی له‌و ده‌ڤه‌ره‌ هێجگار زۆر بووه‌ و قه‌باره‌ و كوالێتی به‌رهه‌م و پڕۆژه‌كانی كشتوكاڵی قۆناغێكی باشی بڕیوه‌”.
پارێزگاری دهۆك خستییه‌ ڕوو، خۆشبه‌ختانه‌ دوای چه‌ند ساڵێك له‌ بواری كشتوكاڵ، پارێزگای دهۆك له‌سه‌ر ئاستی عێراق یه‌كه‌مه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش تا ده‌گاته‌ شارۆچكه‌ی شێخان، به‌هیواین دروستكردنی ئه‌م عه‌لوه‌یه‌، ببێته‌ پاڵنه‌رێك بۆ به‌ره‌وپێشتر بردنی كه‌رتی كشتوكاڵ له‌ ناوچه‌كه‌دا.
پڕۆژه‌ی سه‌نته‌ری بازرگانی و عه‌لوه‌ی هاوچه‌رخی ئاكرێ، له‌سه‌ر ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی ئاكرێ – دهۆك هه‌ڵكه‌وتووه‌ و له‌سه‌ر ڕووبه‌ری دوو سه‌د و چل و پێنج هه‌زار مه‌تر دووجا، به‌ گوژمه‌ی بیست و دوو ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بنیات ده‌نرێت، بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی دوو ساڵ دا ته‌واو ببێت و بخرێته‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه‌، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی كشتوكاڵ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ له‌ چه‌ندان دووكان و بیست كۆگا و چل و هه‌شت عه‌لوه‌ و یازده‌ ساردكه‌ره‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك قه‌پان و ڕیستورانت و بنكه‌ی ئاگركوژێنه‌وه‌ و بنكه‌ی ته‌ندروستی و هتد..
شاری ئاكرێ كه‌ ڕووبه‌رێكی به‌رفراوانی بۆ داچاندن هه‌یه‌، هه‌ر له‌ قه‌ندیله‌وه‌ بگره‌ تا به‌رده‌ ڕه‌ش و بارزان پانتاییه‌كی به‌رفراوانی چاندنه‌ و ساڵانه‌ به‌رهه‌می كشتوكاڵی زۆری هه‌یه‌، كه‌ له‌كاتی پێگه‌یشتنی به‌ره‌هه‌مه‌كان، جوتیاران به‌رهه‌مه‌كه‌یان له‌ بازاڕه‌كانی هه‌ولێر و موسڵ ساغ ده‌كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كێك بوو له‌ گرفتی جوتیارانی ناوچه‌كه‌ و دواجار حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری بنیاتنانی عه‌لوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ ئه‌و شاره‌ دا، به‌جۆرێك دووه‌م گه‌وره‌ترین عه‌لوه‌ی له‌سه‌ر ئاستی عێراق لێ بنیات ده‌نرێت.