ماكڕۆن چووە ناو قومارێكی مەترسیدارەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا بڵاوكرایەوە، پارتە راستڕەوەكان لە هەموو وڵاتانی ئەورووپا، دەنگەكانیان لە هەڵكشانە، تەنانەت لە هەندێك لە وڵاتان ئەو پارتە راستڕەوانە بوونەتە پارتی یەكەم، بۆ نموونە لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا. ئەم ئەنجامە وای كرد، ئیمانوێل ماكرۆن، سەركۆماری فەڕەنسا، وڵاتەكەی بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

لە كۆی ٧٢٠ كورسی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، هیچ پارتێك نەیتوانیوە بەتەنیا ببێتە زۆرینە، واتە ٣٦١ كورسی بەدەست نەهێناوە، بەڵام پارتە راستڕەوەكانی ئەورووپا، كە لەژێر سایەی دیموكراتەكانی كریستیان لە یەكترییەوە نزیك ببونەوە، توانیان ١٨٤ كورسی پەرلەمان ببەن، ئەمەش وەكوو سوپڕایز بوو بۆ جیهان و شڕۆڤە و لێكۆڵینەوەی وردی لەبارەوە دەكرێت.
ئەو پارتانەشی چەپڕەون، كە لەژێر سایەی دیموكراتەكان و سوسیالیستەكان لەیەكترییەوە نزیك ببوونەوە، توانیان ١٣٩ كورسی بەدەست بهێنن. پارتە لیبڕالەكانی ئەورووپا ٨٠ كورسی و هەروەها پارتەكانی گرنگی بە ژینگە و سەوزایی دەدەن، توانیان ٥٢ كورسی ببەنەوە.

ماكڕۆن چووە ناو قومارێكی مەترسیدارەوە

ئەم ئەنجامە بووە هۆی ئەوەی، ماكڕۆن وڵات بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، كە گەڕی یەكەمی هەڵبژارد لە ٣٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت و گەڕی دووەمیش ٧ی تەمووز.
ئاژانسی (AFP) بڵاوی كردووەتەوە، ماكڕۆن بۆ ئەوەی بتوانێت تاكڕەوی خۆی درێژە پێ بدات، چووەتە ناو قومارێكی مەترسیدارەوە.
رۆژنامەی (لۆ مۆندی) فەڕەنسی، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی داوە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی فەڕەنسا لەلایەن ماكرۆنەوە و هەروەها بردنی فەڕەنسا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بڕیارێك بوو، هابوپەیمانەكانی ماكڕۆنی دووچاری شۆكێكی گەورە كرد.
باسی لەوەش كردووە، رەنگە لە ماوەی یەك مانگی تردا، پارتی راستڕەوی فەڕەنسا، بتوانن كورسی سەركۆماری فەڕەنسا ببەنەوە، هەر لە ئێستاشەوە، لی پێن، دروشمی (گەنجەكان هەستنە سەر پێی) بەرز كردوەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (AFP)، ئۆڵف سچۆڵز، سەرۆك وەزیرانی ئەڵمانیا و پارتی سۆسیال دیموكرات، شەوێكی زۆر ناخۆشیان بەڕێكردووە.
پارتی یەكێتی دیموكراتی كریستیانەكانی ئەڵمانیا، توانیان ٢٣.٧٪ی دەنگەكان بەدەستبهێنن، پارتی یەكێتی سۆسیال دیموكرات ٦.٣٪ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، بەكۆی گشتی ئەو دوو پارتە، ٣٠٪ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە.
بەڵام ئەوەی مایەی مەترسییە بۆ ئەڵمانیا، پارتی راستڕەوی رادیكاڵی ئەڵمانیایە، توانیویەتی ١٥.٩٪ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و ٤.٩٪ی دەنگەكانیان زیادی كردووە.
ئەم ئەنجامە وای كرد، ئاژانسی (CNN)ی ئەمریكی بنووسێت ”ئەنجامی هەڵبژاردن، كودەتایەك بوو بەسەر ئۆلفەوە“.

لە ئیتاڵیاش راستڕەوەكان بردیانەوە
پارتی برایەتی ئیتاڵیا، كە جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا سەرۆكایەتی دەكات و پارتێكی راستڕەوە، توانی لەم هەڵبژاردنەدا ٢٧.٧٪ی دەنمگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام پارتی دیموكرات، كە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزە لە ئیتاڵیا، توانی ٢٣.٧٪ بەدەست بهێنێت.
بلوومبێرگ، ئاژانسی بەناوبانگی ئەمریكی، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی داوە، ئەم ئەنجامە بۆ مێلۆنی گرنگە و ئەوی بەهێتر كردەوە لە ئیتاڵیا.
ناكرێت باسی ئیسپانیا نەكەین، لەو وڵاتەش پارتە راستڕەوەكان توانیویانە سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنن.
لەدوای فەڕەنسا و ئیتاڵیا، ئیسپانیا ٦١ كورسی بۆ پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا مسۆگەر كرد، لەو رێژەیە پارتی گەلی راستڕەو، بووە پارتی یەكەم و بەپێش پارتەكانی تر كەوت.
پارتی گەلی راستڕەو لە ئیسپانیا، توانی ٢٢ پەرلەمانتار بنێرێتە پەرلەمانی ئەورووپا، بەڵام هاوپەیمانیی پارتی كاری سۆسیالیست، ٢٠ كورسی بەدەستهێناوە.

راستڕەوەكان بۆچی دەنگەكانیان لە هەڵكشاندایە؟
پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە، بۆچی راستڕەوەكان دەنگەكانیان لە هەڵكشاندایە؟ یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان، گرانی خۆراك و هەموو شتێكە لە ئەورووپا، بەتایبەت لەدوای جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكڕاینا.
جیا لەوەش، بابەتی كۆچ یەكێكە لە بابەتە هەرە گرنگەكان، كە پارتە راستڕەوەكان زۆر لەسەری دەڕۆن و پێیانوایە، ئەوەی وای كردووە وڵاتەكەیان لەڕووی ئابووریی و كۆمەڵایەتییەوە بەرەو خراپبوون بچێت، ئەو پەناهەندانەن كە روویان تێدەكەن.
بێس ئێكۆود، ئەندامی پارتی سەوزەكانی هۆڵەندا، پێیوایە، زۆربەی مرۆڤەكان لەگەڵ گەلی ئەورووپادا هەنگاو نانێت، بەڵكوو بەسەر ئەواندا سەردەكەون، بەڵام بۆ ئەوەشیان پێویستە وەڵامێكی زۆر بڕواپێهێنەر هەبێت.
بەڵام ئاژنسی (BBC ) پێیوایە، هۆكاری هەڵكشانی دەنگەكانی پارتە راستڕەوەكانی ئەورووپا، گرانی خۆراك و هەموو كەلوپەلێكی ترە، یاخود گرانیی ژیانە.
باسی لەوەش كردووە، بابەتی كۆچ و قەیرانی ژینگەش، هەلێكی باش بوو بۆ راستڕەوەكان كە كاری لەسەر بكەن و دەنگەكانیانی پێ بەرز بكەنەوە.