سەفین دزەیی لەلایەن سەنتەری خانەنشینانی هەولێرەوە ڕێزی لێنرا

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

دوێنێ، لەلایەن سەنتەری خانەنشینانی هەولێرەوە، خەڵاتی شا بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بە سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا. ئەو خەڵاتی ڕێزلێنانە لەپای ئەو خزمەتە دێت کەسەفین دزەیی لەماوەکانی ڕابردوودا بە خانەنشینان و ئەو سەنتەرەی کردووە.

لە مەڕاسیمی ڕێزلێنانەکەدا، موحسین بەرزنجی، بەرپرسی سەنتەری خانەنشینانی هەولێر، لێدوانێکی پێشکەش کرد و گووتی: مۆزەخانە و ئەرشیفی سەنتەری خانەنشینانی هەولێر، یەکێک لەو وێستگە جوانانەی شاری هەولێر، کە مێژووێکی دێرینی هەیە، كه کرا بەشوێنێک بۆ پشوودان و حەسانەوەی خانەنشینانی شاری هەولێر، یەکێک لەوانەی کە زۆر ڕۆڵی بینی لە یارمەتیدان و لە پشتگیریکردنی ئەو سەنتەرە بەڕێز کاک سەفین دزەیی بوو، چ کاتی خۆی وەکو وەزیری پەروەردە چ ئێستایش وەکوو بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خەڵکی هەولێر حەزیان لەوەیە کە بەچاوی جوانەوە سەیری شارەکەی خۆیان بکەن، بۆیە ئێمە وەکوو سەنتەری خانەنشینانی هەولێر، ئەو ڕۆڵەی کاک سەفین زۆر بەرز دەنرخێنین و ئەمڕۆ شا بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێشکەش دەکرێت لەلایەن سەنتەری خانەنشینانی هەولێر. ئێستاش وا دەزانم دوێنێیە کە هێرشی دڕندانەی داعش دەستی پێکرد و هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی بوو، من بە کاک سەفین دزەییم گووت چی بکەین، گووتی هیچ گوێ مەدەن و پشت بەخودا ببەستن و هەموومان هاوکار دەبین. کاک سەفین خزمەتێکی زۆری بەو سەنتەرە کردووە، لەکاتی قەیرانی دارایی مووچەی یەک ساڵی خانەنشینانی دابین کرد، بێگومان کاک سەفین دزەیی کوڕی ئەو شارەیە، مرۆڤی چاک هەرگیز پشت لە خاک و شارەکەی ناکات و بەردەوام دەستی هاوکاری بۆ درێژ دەکات، ئێمە لێرەوە وەکوو سەنتەری خانەنشینانی هەولێر دووبارە سوپاسی کاک سەفین دزەیی دەکەین و شا بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێشکەش دەکەین.
هەر لە مەڕاسیمەکەدا، سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گووتارێکی پێشکەش کرد و گووتی: پێشەکی من زۆر سوپاستان دەکەم کە ئەو مەڕاسیمی ڕێزلێنانەتان بۆمن ڕێکخستووە، من ناتوانم زۆر شت باس بکەم لەخزمەت ئێوەی بەڕێزدا، چوونکە هەر یەکێک لە ئێوە بە قەدەرەی تەمەنی من خزمەتتان کردووە، ڕەنگە منیش تەمەنم نزیکی خانەنشین بوون بێت. ئەمڕۆ ئەو شوێنەی کە لێی کۆبووینەتەوە شوێنی حەوانەوەی توێژێکی تایبەتە کە سەنتەری خانەنشینانی هەولێرە، ئەو سەنتەرە جێگە و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، من کە لەساڵی ٢٠٠٩ پۆستی وەزارەتی پەروەردەم وەرگرت، یەکەم شوێن کە سەردانم کرد سەنتەری خانەنشینانی هەولێر بوو، ئێمە کاری زۆرباشمان بۆ ئەو سەنتەرە کردووە، کەم یان زۆر ئەوە ئێوەی بەڕێز دەتوانن ئاماژەی بخەنە سەر و باسی دەستکەوتەکانمان بکەن، من وەکوو پێشتر و ئێستایشی لەگەڵ دابێت زۆر حەز دەکەم سەردانی ئەو سەنتەرە بکەم، چوونکە کە دێمە ئێرە زۆر هەست بەدڵخۆشی دەکەم، و هەر بەڕێزێک کە من لێرە دەیانبینم ئەوا نموونەیەکن بۆ فیداکاری و خزمەتکردنی زیاتر لە چل بۆ پەنجا ساڵ. هەروەها دەمەوێ ئەوە بڵێم کە کاک نەوزاد هادی و شەهید شەوکەت شێخ یەزدین و شێخ باز و چەندین کەسی خێرخواز و بەڕێز کە ڕۆڵێکی سەرەکیتان هەبوو لە نۆژەنکردنەوە وخزمەتکردنی ئەو شوێنە و واتان کرد کە ئەو شوێنە وەکوو خۆی بمێنێتەوە، و دڵنیاش بن من بەردەوام دەبم لە هاوکاریکردنی ئەو سەنتەرە و پێویستتان بەهەر چی شتێک بێت من ئامادەم، گەر کتێبتان بوێت من لە کتێبخانەکەم خۆم بەشێکی کتێبەکانم دەبەخشمە ئێرەو ئامادەشم مووچەی مانگێکی خۆشم ببەخشم گەر پێویستتان پێی بێت. بینای پەروەردە ساڵانی دوایی وێرانە بوو، لەو ئان و ساتەدا حەملەی بنیاتنانەوە و بەرەوپێشچوونی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر خێرا گەشەی سەند، هەر سەعاتێک و بینایەک بڵند دەبوو، سەنتەری خانەنشینانی هەولێر کە لەناو جەرگەی شارە، بیستمان کە خەڵکانێک چاویان لێیە و دەیانەوێت بینایەکی لێ درووست بکەن، ئیتر ئەوەبوو من و کاک نەوزاد هادی و چەند برادەرێکی تر سەردانی بەڕێز کاک کەریم سنجاریمان کرد کە ئەوکات وەزیری ناوخۆ بوو، بڕیاردرا کە ئەو شوێنە بدرێتە پەروەردە، ئیتر لەوکاتەدا هەرچی مامۆستا و قوتابی هەیە کەل و پەلی خۆیان دەهێنا و لێرە دایاندەنا. من ئەوکاتەی گوتەبێژی حکوومەت بووم جاری وا هەبوو لەو شوێنە دەردەچووم و پیاسەیەکی ناو بازارم دەکرد، گوێم لە دەنگێکی بەتەمەن بوو بانگی دەکردم، منیش بەرەوڕووی چووم و پێمی گووت، ئەوە بۆ قسەیەکی خۆش بۆ ئەو خەڵکە ناکەن، منیش گووتم مام حاجی گیان چی قسەیەکی خۆش بکەین، گووتی بڵێن بەیانی مووچە دابەش دەکرێت، منیش گووتم چۆن وا بڵێم و دواتریش موچە دابەش نەکرێت، گوتی بۆ ٢٤ کاتژمێر وا بڵێن و با خەڵک دڵی خۆش بێت دواتر واش نەبێت گرینگ خەڵک ڕۆژێک دڵی خۆش بێت، من لەو نموونەیە مەبەستم ئەوەبوو من کە ئەمڕۆ لێرەم خۆم بە تاکێکی ئەو شارە دەبینم نەک ئەوەی کەمن پۆستێکی فەرمیم هەبێت و لێرەبم، بەڵکوو من خۆم بەخەمخۆر ودڵسۆزی هەمووتان دەزانم. لەکۆتاییدا دەمەمێ بڵێم من زۆر سوپاستان دەکەم و هیوای تەمەندرێژی ولەشساغیتان بۆ دەخوازم و هەمیشە شاد و کامەران بن.
سەنتەری خانەنشینانی هەولێر، هەر لەوکاتەوەی کە وەکوو سەنتەرێکی خانەنشینانی هەولێر کراوەتەوە، هەمیشە خزمەتی بە خانەنشینان کردووە، بۆ ئەوەی لەدوای خانەنشینبوونیان بتوانن بێت لەو شوێنە کۆببنەوە و بحەسێنەوە.

ھەواڵی زیاتر