مەسرور بارزانی: پلانی حکوومەت ئەوەیە لە هەردوو کەرتی کشتوکاڵیی و گەشتیاریی پەرەی زیاتر بە ئاکرێ بدەین

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتاری دانانی بەردی بناخەی عەلوەی هاوچەرخی ئاکرێ گوتی: جێگەی دڵخۆشییە هەر رۆژە و لە ناوچەیەک بەردی بناخەی ئاوەدانکردنەوەیەک دادەنرێت، خۆشخاڵم ئەمڕۆ هاتوومەتەوە ئاکرێ بۆ دانانی بەردی بناخەیەکی گرنگ کە بەردی بناغەی عەلوەی هاوچەرخی ئاکرێیە.

سەرۆکوەزیران باسی لەوەکرد، ئاکرێ یەکێک لە کۆنترین شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە کە لە ڕووی جوگرافیاوە ناوچەیەکی هەرە گرنگە، لە بواری کشتوکاڵی و گەشتوگوزاریشەوە ناوچەیەکی گرنگە، هەروەها پلانی حکوومەتی ئێمەش ئەوەیە لەم دوو بوارەدا پەرەی زیاتر بەم دەڤەرە بدەین.

سەرۆکوەزیران گوتی: بەر لەوەی بێمە ئێرە سەردانی هەندێک لە جووتیارانم کرد، لە کێڵگەی چاندنی پەتاتە و گفتوگۆم لەگەڵ کردن و گوێبیستی قسەکانیان بووم، کە جێگەی دڵخۆشییە ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، کە زیاتر لە ئاستی خۆبژێوی بەرهەم دێت و شێوازێکی زانستی پەیڕەو دەکرێت، ئاماژەی بەوەشدا، بەرهەمی پەتاتە بەشی عێراقیش دەکات و بەشێکیشی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت و وادیارە داخوازیایەکی زۆریشی لەسەرە.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، لە چوارچێوەی کارنامەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان، ئێمە بایەخێکی زۆرمان بە کەرتی کشتوکاڵداوە، بەمەش شۆڕشێکمان لە چاکسازی کشتوکاڵی دەستپێکردووە و ئەمەش سەرەتایەکە و هێشتا هەنگاوی زۆر ماوە بینێن بۆ ئەوەی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان بگەینینە ئاستێکی ستانداردی جیهانی، کە نەک بە تەنیا سوودەکەی بۆ ئەم دەڤەرە بێت بەڵکو ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ تەواوی عێراق و ناوچەکەش.

سەرۆکوەزیران دەڵێت: کاتێک لەگەڵ ئەو جووتیارانە قسەمان کرد، هەندێکیان گلەیی و گازندەیان هەبوو کە لە هەندێک ناوچە سنوورییەکان بەرهەمی پەتاتەی دەرەوە هاوردە دەکرێت و ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر بەرهەمی پەتاتەی ناوخۆیی کردووە، هەربۆیە وەکو حکوومەت بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە دەکەین، هەروەها بەڕێزان وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری دارایی بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت بەو بەرهەمانەی دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان هەمان ئەو بەرهەمانە بن کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن، ئەمەش لە پێناو پشتیوانییکردنی جووتیارانە. هەروەها ئاگەر بینیمان ئەو کارانە بەشێوەیەکی نایاسایی دەکرێن، ئەوە ڕێکاری پێویست لە دژی ئەو کارانە دەگرینەبەر.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، داواکارییەکی دیکەی جووتیارەکان چارەسەرکردنی ئاوی بەنداوەکان بوو، ئەمەش لە پلانی حکوومەتدایە کە چەند بەنداوێکی دیکەش دروست بکەین، یەکێک لە بەنداوەکانیش لە باکرمان دەبێت کە سوودێکی زۆری بۆ جووتیارانی دەشتی ناوکوڕ دەبێت و ئومێد دەکەین بەرهەمی کشتوکاڵی ئەو زەوییە بە پیتانە زۆر زیاتر بکات.

گوتیشی: هەر لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردسان لە چواچێوەی گرنگیدان بە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆرمان بە سنووری ئاکرێداوە کە چەند پرۆژە لە کەرتی ڕێگەوبان، ئاو، کارەبا، دروستکردنی قوتابخانە و یاریگە تا دەگاتە دامەزراندنی زانکۆی ئاکرێ، بە دڵنیاییەوە هاووڵاتییانی خۆشەویست پێویستیان بە خزمەتکردنێکی زیاترە و لە داهاتووشدا چەندین پرۆژەی دیکە جێبەجێ دەکرێن.

سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی حکوومەت هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری و داهات و بنیادنانی ژێرخانێکی بەهێزە لە چوارچێوەی گرنگیدان و پەرەپێدانی کەرتەکان، کە کەرتی کشتوکاڵیش یەکیک بووە لەو هەنگاوانەی گرتوومانەتەبەر. بۆ ئەم مەبەستە بە هاوکاریی لەگەڵ کەرتی تایبەت دەستمان بە دروستکردنی چەندین پرۆژەی گرنگ کردووە لە نێویاندا کردنەوەی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی خواردن، بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ دەرەوەی وڵات، لەگەڵ ئەمەشدا چەندین بەنداوی جۆراوجۆرمان لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە کە بووەتە پاڵشت بۆ کەرتی کشتوکاڵ و جووتیاران، بۆ دروستکردنی بەنداوی ئیسماوا لە باکرمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتوگۆمان کردووە.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پێگەی دەڤەری ئاکرێ کرد و گوتی: ئاکرێ ناوبانگی لە چەندین بەرهەمدا هەیە، لەوانە برنج، پەتاتە، تەحین و سماق، ئاگادارم کە هەندێک لەو بەرهەمانە هەناردەی دەرەوەی وڵات کراون، هەوڵیش دەدەین بازاڕی زیاتر بۆ بەرهەمی هەموو جووتیارانی هەرێمی کوردستان بدۆزینەوە.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا سەرۆکوەزیران دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی دروستکردنی عەلوەی هاوچەرخی ئاکرێ کرد و گوتیشی: پێویستە لە سەر ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی بێت، لەم بڕوایەدام پشتیوانییەکی باشی جووتیاران دەبێت و ئاوەدانکردنەوەی ئەم بازاڕەش دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان.

ھەواڵی زیاتر