نەتەوە یەكگرتووەكان و پێشخستنی پیشەسازی خۆراكی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە هاوكاری بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی دەرچوونی 200 ئافرەت لە خوولی ڕاهێنان بۆ كارسازی لە كەرتی پیشەسازی خۆراكی كشتوكاڵی ڕاگەیاند.

بەشداربووان لە 9 شوێنی سەرانسەری هەرێمی كوردستان كە بریتین لە هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین، زاخۆ، و ئاكرێ، ڕاهێنانیان پێكرا لەسەر ئامادەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی جۆراوجۆر، ستراتیژییەكانی بە بازاڕكردن، و لێهاتوویی كارگێڕی كە بەپێی پێداویستییە تایبەتەكان له هەر شوێنێكدا بگونجێت.
ئاوكی لوتسما، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند كە “ئەم هاوكارییە نموونەی پابەندبوونمانە بۆ پشتیوانیكردن لە گەشەپێدانی گشتگیر و بەردەوام لە عێراق و هەرێمی كوردستان. لەرێگەی وەبەرهێنان لە هێز و توانای بەكارنەهێنراوی ئافرەتانی عێراق، ئێمە نەك تەنها پەروەردەی بەهێزكردنی ئابووری دادپەروەرانە دەكەین، بەڵكوو بەشداری لە پێشكەوتنی گشتی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا ۆدەكەین. ئەمەش بەبێ بەشداری بەخشندەیی هاوبەشە چەسپاوەكەمان، لە ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، به دینه ده هات .
هەروەها خاتوو ئەلیس جێنسن، بەڕێوەبەری نێردەی ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە عێراق، گووتی “تەواوكردنی سەركەوتووانەی ئەم ڕاهێنانە جەخت لەسەر گرنگی هاوبەشی لە هاندانی گۆڕانكاری ئەرێنی دەكاته وه له پێكەوە كاركردن دەتوانین دەرفەت بۆ هەموو تاكێك دروست بكەین بۆ ئەوەی ڕۆڵێكی گۆڕانكاری ببینێت لە پیشەسازی خۆراكی كشتوكاڵیدا و لە كۆتاییدا بەشداری بكات لە ئاسایشی خۆراك و خۆشگوزەرانی ئابووری لە عێراقدا.
ئەم بەرنامەیە جەختی لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆراكی جۆراوجۆر دەكات، كە لكێنراوە بە خواستی بازاڕی ناوخۆ، ڕەنگدانەوەی ڕێبازێكی گشتگیرە بۆ بەهێزكردنی پیشەسازی خۆراكی كشتوكاڵی. بەشداربووان لەسەر كارامەیی جۆراوجۆر ڕاهێنران، لەوانە ترشیاتكردنی زەیتون و سەوزەوات، دروستكردنی مرەبا و سۆس، ئامادەكردنی شیرینی سرووشتی، بەرهەمهێنانی سركە و شەربەت، دروستكردنی دۆشاوی تەماتە، وشككردنەوەی سەوزە و میوە، و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەرهەمە بەستووەكان.
لە ڕێگەی ئەم ڕاهێنانەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان و ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئامانجیان ئەوەیە كە دەرچووانی ئەمڕۆ نەك تەنها بچنە ناو پیشەسازی خۆراكی كشتوكاڵییەوە، بەڵكوو بتوانن بزنسی خۆیان دابمەزرێنن، بەمەش بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان بە شێوەكی بەردەوام پەیدا بكەن و بەشداریش بكەن لە گەشەی ئابووری عێراقدا.