به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی به‌رگریی شارستانیی هه‌رێم چه‌ندڕێنماییه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم بۆ دووربوون لە مەترسییەکانی کەوتنەوەی ئاگر لە وەرزی گەرمادا، ژمارەیەک ڕێنمایی بڵاوکردەوە.

بەرگریی شارستانیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: بەھۆی زۆری بارانبارینی ئەمساڵ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاوی بەست و جەم و بەنداوەكان به باشمان زانی چەند ڕێنماییەك بڵاو بكەینەوە، تاكوو هاووڵاتییان تووشی هیچ مەترسییەكی گیانی و ماڵی نەبنەوه. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ڕێنماییه‌كانن:

١- نابێت به هیچ شێوەیەك ئاگر لە پوش و پەڵاشی پێش ماڵ یاخود له دەشتودەر و و گۆڕستان و باخ و بێستانەكان بەر بدەن.
٢- نابێت له كاتی گەشت و سەیران ئاگر له دەشت و چیا و شوێنی گشتی بكرێتەوه، كه قەبارەی ئاگرەکە گەوره بێت یان پاشماوەی ئاگر بەجێ بھێڵین، چونكه بەھۆی (با)وە ئەو ئاگرە بڵاو ده‌بێتەوە.
٣- فڕێنەدانی جگەره و بەجێنەھێشتنی پاشماوەی خەڵوزی نێرگەلە.
٤- بەكارنەھێنانی یاریی ئاگرین له كاتی سەیران، به‌تایبەتی لە لایەن منداڵانه‌وه‌.
٥- نیشانەدانەنان و تەقەنەكردن به چەكی ئاگرین، به تایبەت له دەشتەکان.
٦- فڕێنەدانی بتڵی شووشه و دەبەی ئەو پاشماوه یاخود مادده سووتێنەرەكان، وەک گاز و بەنزین و نەوت و ئەو مادده جەلییانەی بۆ گەشانەوەی خەڵووز (ڕەژوو) به‌كاردێت.
٧- شۆفێری دەڕاسە نابێت له ناو دەغل و پاوان دەڕاسەكەی چاك بكات یان لەحیم و كۆسەرە بەكار بھێنێت، یاخود ئاگر بكاتەوە به مەبەستی خواردن دروست كردن.
٨- نابێت ئەوانەی دەچنە نزیك چەم و ڕووبار و بەست و بەنداوەكان، مەلە بكەن یان ڕێگه‌ به منداڵەكانیان بدەن مەله بكەن.
٩- ئاگه‌داری ئەو منداڵانە بن كه خاوەنپێداویستیی تایبەتن، یان نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە؛ نزیك نەكەونەوه له ئاوی چەم و ڕووبارەكان.
١٠- گەشتیاری بیانی و خوارووی عێراق دەبێت ئاگه‌داری ئەو شوێنانە بن كه گەشتی بۆ دەكەن، یان سەردانی دەكەن، تاكوو تووشی ھەڵدێران و خنكان نەبن، چونكه ئاوی كوردستان سارده هەر چەنده مەلەوانیش بن، بە ھۆی ساردیی ئاوەکان، دەبێتە ھۆی گرژبوونی دەمار و خنكانیان.
‏‎

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی ھەرێم

ھەواڵی زیاتر