دەستەی گەشتوگوزار پێشبینی هاتنی سێ سەد هەزار گەشتیار دەکات لە ڕۆژانی جەژن

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران لە جەژنی قورباندا و پێشبینیش دەکەن زیاتر لە سێ سەد هەزار گەشتیار بێنە هەرێم، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کۆتاییهاتنی خوێندن وادەکەن گەشتیاری زیاتر بێنە هەرێمی کوردستان.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند: لە بازگەکان لیژنەیان دەبێت بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و پیشاندانی ڕوویەکی جوانی کوردستان بە گەشتیاران، هەروەها کارئاسانیش لە بازگەکان کراوە و لە ماوەی پێنج خولەکدا ڕێگە بە گەشتیار دەدرێت بێتە ناو شارەکانەوە. نەخشە و ڕێنمایی و ڕێبەری گەشتیاریی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بە گەشتیاران دەدرێت و هێڵی گەرمیش ئامادەیە تا هەر گەشتیارێک تووشی هەر حاڵەتێک ببێت پەیوەندیی پێوە بکات”.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم گوتیشی: دەستەی گشتی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانمان لە هەرچوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان تەواوی ئامادەكارییەكانمان بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران و شێوازی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و ڕێنوێنی كردنیان لە لایەن بنكەكانی گەشتیارییەوە كە لە ڕێی بڵاوكراوە و زانیارییەكانی تایبەت بە شوێنە گەشتیارییەكان و شوێنەوارەكان لە ڕێگەی تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانمانەوە پێشكەش بە گەشتیاران دەكرێن، لە هەمان كاتدا تیمی پێشوازیكردن بە هەماهەنگی لەگەڵ بازگەكان و خاڵە سنووریەكان و فڕۆكەخانەكاندا هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باش پێشوازی لە گەشتیاران بكرێت.
زیاتر ئاماژەی پێدا: بۆ بابەتی چاودێریكردنی نرخ و گرانکكردنی خۆراك و هۆتێل و مۆڵەكان و شوێنە گەشتیارییەكان، وەك دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم هەماهەنگی راستەوخۆمان لەگەڵ قائیمقامیەتی شارەكان و لیژنە هاوبەشەكانی سەربە قائیمقامیەتەكان و چاودێری بازرگانی هەیە كە تیمەكانیان بە ڕۆژانی جەژنیش هۆتێل و مۆڵ و شوێنە گەشتیارییەكان بەسەر دەكەنەوەو لە نزیكەوە چاودێری نرخ و پاك و خاوێنی و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ گەشتیاراندا دەكەن، تاكو رێگە نەدرێت بەجۆرێك لە جۆرەكان فێڵ لە گەشتیاران بكرێت، بە زیادكردنی نرخەكان و پێشكەشكردنی خۆراكی خراپ و مامەڵەكردنی خراپ لەگەڵ گەشتیاراندا. هەماهەنگی هەموو لایەنەکان هەیە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و چەندان لیژنە لە ناوخۆ چاودێریی رێستۆرانت و هۆتێل و بنکە گەشتیارییەکان دەکەن بۆ نرخ و کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی ٢٠٢٣، حەوت ملیۆن و ٢٧٩ هەزار و ٩١٣ گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، هاوکات زیاتر لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار سەردانیکاری وەکو گەشتیاریی نێوخۆیی تۆمارکراون.
هەر بەگوێری دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی ٢٠٢٢، شەش ملیۆن و ٣٥ هەزار و ٥٧ کەس و ساڵی ٢٠٢١ چوار ملیۆن و ١٨٩ هەزار و ٥٩٦ گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
جەژنی رەمەزان ٢٠٠ هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێمی کوردستان، بەپێی پێشبینیی دەستەی گەشتوگوزار بێت، بۆ ئەم جەژنە چاوەڕوانی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار گەشتیارن.

ھەواڵی زیاتر