لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمی شیرەمەنییەکانی کوێستانەکانی باکووری کوردستانیش نمایش دەکرێت

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

لەدهۆک، ئامادەکاری دەکرێت بۆ بەڕێوەچوونی دووەمین فێستیڤاڵی سێوی بەرواری باڵا، کە بڕیارە فێستیڤاڵەکە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و بەرهەمی شیرەمەنییەکانی کوێستانەکانی باکووری کوردستانیش تێیدا نمایش بکرێت.

فەهمی باڵایی، گوتەبێژی فێستیڤاڵی سێوی بەرواری باڵا، ڕایگەیاند: وەکو ساڵانی ڕابردوو ئامادەکاریمان کردووە ئەمساڵ لەمانگی تشرینی یەکەم دووەمین فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی سێوی بەرواری باڵا، بەڕێوەببەین.
فەهمی باڵایی گوتیشی: لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی فراوانتر نەک تەنیا بەرهەمی ناوچەکە بەڵکو جووتیاران لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدار دەبن و دەیان بەرهەمی جیاوازی ناوچەکانیان نمایش دەکەن. هەروەها لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمی شیرەمەنییەکانی کوێستانەکانی باکووری کوردستانیش نمایش دەکرێت.
جوتیارێکی دەڤەری بەرواری باڵا، زۆر بەگرینگی لە بەڕێوەچوونی ئەو فێستیڤاڵە دەڕوانێت و دەڵێت: ئەم جۆرە سێوەمان زۆر نایابە، چوار پێنج جار بە دەرمان پرژاندوومە. هیوادارم بەرهەمی سێومان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت. سێوەکەمان سێوێکی باشە و سێوی بەرواریی باڵا نێوبانگێکی باشی هەیە. لەوەتەی بەبیرم دێت، کار لەنێو باخی سێودا دەکەین و ئەمە پیشەی ئێمەیە.
جێگای ئاماژەیە ساڵانێکە بەرواری باڵا بە سێو بەناوبانگە، لە فێستیڤاڵەکە چوار جۆری سێو نمایش دەکرێت، ئەوانیش سێوی ئەمریکان، گۆڵدن، لوبنانی و هاوینی، سێوە تامدار و ئاودارەکان بە ڕەنگی سوور، زەرد و سەوز بەردەست دەبن.
سێوی ئەمریکان، گۆڵدن، لوبنانی شەتڵەکانیان لە دەرەوەی کوردستان هێنراوە بۆیە ناوەکانیان هەر بەمجۆرە رۆیشتووە.
ساڵانە بەرهەمی سێوی بەرواریی باڵا لەنێوان سێ هەزار و ٣٥٠ بۆ چوار هەزار و ٥٠٠ تۆن دەبێت و لەنێو سێوەکانی دەڤەرەکەدا، بەنێوبانگترینیانە.
ساڵی پار لەدهۆک یەکەمین فێستیڤاڵی بەرواری باڵا بۆ بەرهەمی خۆماڵی دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو بە بەشداری جووتیارانی هەر چوار پارچەی کوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی 20ی کانوونی یەکەمی 2023 یەکەم کاروانی سێوی دەڤەری بەرواری لە هەرێمی کوردستان کە لە پێنج تۆن پێک هاتبوو، هەناردەی وڵاتی قەتەر کرا.

ھەواڵی زیاتر