فەهمی بورهان: کەرکووک لەبەردەم گرفت و ئاریشەی قووڵدایە

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە کەرکووک ڕایگەیاند، کە سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان گوتی: کەرکووک لەبەردەم گرفت و ئاریشەی قووڵدایە و وردە وردە دیمۆگرافیای کەرکووک دەگۆڕێت و گەڕەک زیاد ئەکات و ناسنامە بۆ خەڵک دەگۆڕن.

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گوتی: لەگەڵ بەرپرسانی لقی سێی پارتی لە کەرکووک دیدارێکمان لەسەر کۆی کێشەکانی کەرکووک کرد، چونکە کەرکووک لەبەردەم گرفت و ئاریشەی قووڵدایە، بۆیە پێویستمان بە گوتارێکی هاوبەشیی سیاسی ورد هەیە.

گوتیشی: بۆ ئەوەی بتوانین ئەو هەوڵانەی کەوا بە ئاراستەی تەعریبێکی نوێ دەدرێت کەمی بکەینەوە، هەروەها بڕوامان بە برایەتی و تەبایی بێ چەند و چوون هەیە لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان، بەڵام پێمان وایە ئەو برایەتییە دەبێت لایەنی خاوەن دەسەڵات لەو شارە کاری لەسەر بکات. بەڵام بەداخەوە دان بەو برایەتییە نانێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەو شارەدا وردە وردە دیمۆگرافیا دەگۆڕێت، گەڕەک زیاد ئەکات، ژمارەی دانیشتوان زیاد ئەکات و ناسنامە بۆ خەڵک دەگۆڕن، هەروەها ڕۆژ دوای ڕۆژ زەوییە کشتوکاڵییەکانمان کێشیەیان زیاتر دەبێت. بۆیە، داوامان لە لق کردووە هەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ دروستکردنی حکوومەتی خۆجێیی؛ چونکە، ئەو دۆخە لەبەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووکدا نییە بەبێ جیاوازی. هەروەها خەڵکیش دەنگی داوە مافی خۆیانە بەری ڕەنجی دەنگەکەی خۆی بچنێتەوە و بیسپێرن بە حکوومەتێک کە هەست بەئارامی بکەن.

ھەواڵی زیاتر