سەعید جردو مەتۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی بنکەی لالش:گۆڕینی ناسنامەی ئێزدی لە کوردەوە بۆ ھەر نەتەوەیەکی دیکە ڕەت دەکەینەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەد و ھەشتا و دوو پەرلەمانتاری عێراق ئیمزایان لەسەر پێشنیازی “نەتەوەی ئێزدی” کردووە و دەیانەوێت ئێزدییەکان وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ بناسێنرێن و لە کوردبوونیان جیا بکەنەوە، ئەوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری کوردانی ئێزدی لێکەوتووەتەوە. سەعید جردو مەتۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی بنکەی لالش، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەمە ھەوڵێکی شکستخواردووی درێژکراوەی ھەوڵەکانی پێشووە و سەرناگرێت، ئێمە پێمان سەیرە پەرلەمان خۆی لەم جۆرە بابەتانە ھەڵدەقورتێنێت، چونکە ئەمە کاری پەرلەمان نییە، کاتێک ئێزدییەکان خۆیان بە کورد دەزانن، ئێدی کەس مافی ئەوەی نییە لەبڕی ئەوان بڕیار بدات.

نووسراوەکەی نایف خەڵەف
پێشتر لە ١٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، نایف خەڵەف سەیدۆ، نووسراوێکی ئاراستەی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردبوو، داوای کرد بوو فەرمان بدرێت بە دامەزراوە فەرمییەکان کە وەک ئایین و نەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئێزدییەکان بکرێت، لە ٥ـی ئایاری ٢٠٢٤، د. کازم کەریم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی ئەو نووسراوەی نایف خەڵەفی داوەتەوە و، دەڵێت: بەگوێرەی دەستوور، ئێزدییەکان وەک ئایین ھەژمارکراون و ئاماژەی تێدا نییە، کە وەک نەتەوە ھەژمار بکرێن.

هەڵوێستی ڕۆحانی ئێزدییەکان
ڕۆژی شەممە، ٨-٦-٢٠٢٤، ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییەکان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ھەوڵی ژمارەیەک لایەن بۆ گۆڕینی ناسنامەی ئێزیدییەکان لە کوردەوە بۆ نەتەوەیەکی سەربەخۆ، لە ڕێگەی پەرلەمانی عێراق بڵاو کردەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزیدییەکان بە توندی ھەوڵدان بۆ گۆڕینی ناسنامەی ئێزدی لە کوردەوە بۆ ھەر نەتەوەیەکی دیکە و دەستکاریکردنی ئەم شوناسە ڕەت دەکاتەوە، ئێزدییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کورد و ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ڕۆشنبیرییان بە قووڵی لە خاکی کورددا چەسپاوە.
ئێزدی، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لێ کراوەتەوە، ئایینێکی کۆنە و مێژووەکەی بۆ ھەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بەشێکە لە میراتی مێژینەی گەلی کورد، ئێزدییەکان بە زمانی کوردی قسە دەکەن، داب و نەریتی ئەوانیش لەگەڵ کولتووری گشتیی کوردیدا دەگونجێت، ئێزدییەکان بە درێژایی سەدەکان سەرەڕای ئەو تەحەددا و گۆشەگیرییانەی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان پاراستووە.
ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدی جەخت لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە ناسنامەی کوردی ئێزدی و ھەوڵنەدان بۆ گۆڕین و ساختەکردنی دەکاتەوە. دەشڵێت، پاراستنی ئەم ناسنامەیە مافێکی سروشتی و ئەرکێکی پیرۆزە و بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی میراتی کولتووری و ئایینی گەلی ئێزدی و گەلی کورد بە گشتی.
بە گوێرەی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، لە ھێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤دا نزیکەی سێ سەد و شەست ھەزار کوردی ئێزدی ئاوارە بوون و پێنج ھەزاریش لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کران، ھەروەھا بەھۆی دۆخی ئەمنیی شنگالەوە، تاوەکو ئێستا تەنیا ژمارەیەکی کەم لە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە.

  • چی دەڵێی لەبارەی پێشنیازی گۆڕینی نەتەوەی ئێزدی کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراقی ئیمزایان کردووە؟
  • حکوومەتی عێراق ھەر لە ساڵی ١٩٦٤ـەوە تا ئێستا بەردەوام دژی ئێزدییەکان وەستاوەتەوە، ئێستاش ئەوەی دەکرێت مەبەست لێی ئەوەیە کە ئێزیدییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کورد و ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ڕۆشنبیرییان بە قووڵی لە خاکی کورددا چەسپاوە لە کوردستان دووربخرێنەوە، ڕژێمە یەک لە دوایەکانی عێراق بەردەوام ویستویانە درز بخەنە نێو کوردەکانەوە و ئێزدییەکان کە کوردی ڕەسەنن لەناو ببەن، ئێستاش بە ھاوکاری ھەندێک لایەنی شۆفێنی عەرەب و بگرە وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێت ئێزدییەکان وەکو کورد نەھێڵنن و ئەو شتەی کە ئەوان مەبەستیانە بە دەست بھێنن، کوردبوونی ئێزدییەکان بۆ ئەوە نییە بکرێنە کەرەستەی سیاسی، ئەوە بڕاوەتەوە کە ئێزدییەکان کوردن.
  • ئەوانە کێن کە ئەو کارە دەکەن؟
  • ئەو کەسەی ئەم بابەتەی لە پەرلەمان پێشنیاز کردووە، سەر بە لایەنێکی سیاسییە و نوێنەرایەتـی ئێزدییەکان ناکات، ھەڵوێست و قسەی سەرۆک بارزانی کە دەڵێت؛ ئێزدی کوردی ڕەسەنن، بۆ ئێمە دەستوورە، پەرلەمانتار نایف خەڵەف سەیدۆ، ئەو مافەی نییە لەبری زیاتر لە ملیۆنێک و پێنج سەد ھەزار بۆ دوو ملیۆن ئێزدی بڕیار بدات.
  • پێتوایە ئەو ھەوڵەی ئەوان سەر بگرێت؟
  • ئەو ھەوڵەی ئەوان سەرناگرێت، لەبەر ئەوەی چەندین سەرچاوەی مێژوویی جەخت لە کوردبوونی ئێزدییەکان دەکەنەوە، وەکو بەشێکی ڕەسەنی میللەتی کورد، ئێزدییەکان فەلسەفە و زمان و کولتووری کوردیان پاراستووە، ھەر پیلانێک کورد لە کوردستان داببڕێنێت، ئێمە دژی دەوەستینەوە، چونکە ئەمە دوژمنکارییە، پێشێلکاریی نەتەوەییە و دەستی دەرەکی لە پشتە، ئەو گرووپانە دەستیان تێدایە کە ساڵانێکە یاری بە ھەستی ئێزدییەکان دەکەن، ئەمە ڕەنگە بۆ بابەتی بانگەشە و چەواشەکردنی خەڵک بێت.
  • ئێوە چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو پیلانە سەر نەگرێت؟
  • بەردەوام لەسەر خەت دەبین، کەسایەتی و ڕۆشنبیر و بەرپرسانی ئێزدی بەردەوام لەسەر خەتن، بەردەوام گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکرێت و پەیامی ڕۆشنبیرانی ئێزدی دەگەیەنینە ڕای گشتی و ڕاستی مێژوویی ڕاستی ئەو بابەتە دەردەخات.
  • ئەرکی حکوومەتی عێراق و پەرلەمان بەرامبەر ئێزدییەکان چییە؟
  • سێ سەد ھەزار کوردی ئێزدی ئاوارەن، ئەرکی حکوومەت و پەرلەمانی عێراقە کار بۆ گەڕاندنەوەیان بکات، نەک کار بۆ گۆڕینی نەتەوەی ئێزدی بکات، بۆیە ئەوە کاری پەرلەمانی عێراق نییە کە قەومیەتێک بەسەر دینێک یان خەڵکێک فەرز بکات، باشترە پەرلەمانتاران بۆ خزمەتکردنی کوردانی ئێزدی لەبڕی پێشکەشکردنی پێشنیازی نەتەوەی ئێزدی، کار بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژییەکە بکەن، بۆیە کۆکردنەوەی ئەو ئیمزایانە ناگونجێت لەگەڵ ئەو بابەتانەی کە لە دەستووردا ھاتوونە.
  • داواکارییەکانی ئێوە چیین؟
  • داواکاری ئێمە لە ھەموو لایەنەکان ئەوەیە کار بۆ چەسپاندنی مافی ئێزدییەکان بکەن، ئەو زوڵم و زۆردارییەی لەسەر ئێزدییەکان ھەیە و تا ئێستاش لە ئێزدییەکان دەکرێت ھەڵبگیرێت و ئەو تاوانەی دەرحەق بە ئێزدییەکان کراوە بە جینۆساید بناسێنرێت و ئەو کەسانەشی بەو تاوانە ھەستاون سزا بدرێن و ئەو کەسانەشی کە زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو بکرێنەوە.
ھەواڵی زیاتر